ئیدریس بارزانی پێشمەرگە و سەركردەی ئاشتەوایی
ئیدریس بارزانی ئەندازیاری دروستكردنی بەرەی كوردستانی بوو
زاری كرمانجی-بارزان:
ئیدریس بارزانی، لەسەردەمی شۆڕشی سێیەمی بارزان، لە دایكبووە و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 31/1/1987 كاتژمێر 6ی بەیانی لە گوندی سڵیڤانا لە رۆژهەڵاتی كوردستان كۆچی دوای كرد، كە رۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەیی كوردستانی، بۆیە ئەندازیاری ئاشتی و دامەزرێنەری بەرەی كوردستانییە، كە ئەو بەرەیەیش بووە هۆكاری سەركەوتنی ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمان. بە بڕوای دۆست و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ئیدریس بارزانی، كەسایەتیەكی گەورە و سەركردەیەكی لێهاتووی گەلەكەمان بوو، كەسێكی شارەزا و پسپۆر بوو، لە هەموو ڕوویێكەوە، لە هەر شوێنێك بووایە رۆڵێكی كاریگەری دەبینی لە چارەكردنی كێشەكان، بۆیە دۆست و دوژمنانی كورد زۆر پێی سەرسام بوون.
ئیدریس بارزانی لە مانگی ئازاری 1944 لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێكدا لە دایكبووە، كە وەك سەرچاوە مێژووییەكانی كوردستان ئاماژەیان پێكردووە، هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی كوردایەتی و سیمبولی نەتەوەیی و ڕووگەی تێكۆشەرانی كوردستان.
ئیدریس بارزانی، تەمەنی دوو ساڵ بوو، كە باوكی بارزانیی نەمر، ڕووی كردە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە كۆماری كوردستان لە مهاباد.
دوای پیلانگێڕی دژی كۆمار و ڕووخانی، بارزانیی نەمر و 503 پێشمەرگەی كوردستان ڕوویان كردە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران، خێزان و ژن و منداڵەكانیش بە یاوەریی شێخ ئەحمەدی بارزانی براگەورەی بارزانیی نەمر لە پێناو پاراستنی گیانی منداڵ و ئافرەتانی كورد گەڕانەوە بۆ عێراق و ئیدریس بارزانیش كە ئەو كات تەمەنی 3 ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەكەیان گەڕانەوە و لە لایەن دەسەڵاتی پادشایی عێراقەوە بۆ شارەكانی باشوور ڕاگوێزران.
ئیدریس بارزانی تاوەكو گەڕانەوەی بارزانیی نەمر بۆ عێراق و كوردستان لە ساڵی 1958 لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.
ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیكبوون، هەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەكەن و دەڵێن، ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەكان جیانەدەكردەوە و بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگە لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیاكانی كوردستان ڕۆژی كردووەتەوە.
لە ساڵی 1961 كە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێكی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی هەندرێن، كە دواتر گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بەدواداهات و گەیشتە ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، لە دوای ساڵی 1975 لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێكهێنانی بەرەی نیشتمانیی عێراق و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی ڕۆڵی باڵای هەبوو.
لە ساڵی 1964 ئەوكاتەی بارزانیی نەمر لە ناوچەی ڕانیە و دەوروبەری دەبێت، بۆ هاوكاریكردنی لە ئیشوكاری پێشمەرگە و ئیدارەی سەربازیدا، ئیدریس بارزانی لە ناوچەی بارزانەوە دەباتە لای خۆی و بەرپرسیارێتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێدەسپێرێت.































































