زاری کرمانجی-سۆران
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە خاوەن نوسیگەكانی خانووبەرە پرسیاریان كرد سەبارەت بەوەی كە لە دەقی قەواڵەی گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بووەتە عورفی نوسینگەكان مەرجی ئەوە دەنوسرێت كە هەر یەكێك لە كڕیار یان فرۆشیار پەشیمان بێتەوە دەبێت بڕێك پارە بدات بە لایەنی بەرامبەری، ئایا وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە دروستە، لە كاتێكدا ڕەنگە (جاری وا هەیە) هەردوو لایەن دوای پەشیمان بوونەوە بەڕەزامەندی خۆیان ئەو بڕە پارەیە دەدەن بە بەرامبەرەكەیان.
ئەنجومەن لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا شێوەیەی لای خوارەوە وەڵامی دانەوە:
دانانی ئەو مەرجە لە مامەڵەكاندا دروست نییەو، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەش بەرامبەر بە پەشیمان بوونەوە دروست نییە و دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵك بە بەتاڵ و بێ بەرامبەر، ئەصل ئەوەیە مرۆڤ لە مامەڵەكردندا لێبوردە بێت و بەبێ بەرامبەر و لەبەر ڕەزاەمەندی خودا چاوپۆشی بكات لە بەرامبەرەكەی ئەگەر پەشیمان بووەوە.
ئەگەر لایەنێك سوور بوو لەسەر ڕواندنی مامەڵەكە و وەرگرتنی ئەوە بڕە پارەیە دەرچەی شەرعی ئەوەیە سەر لەنوێ كڕیارەكە بە فرۆشیارەكەی بفرۆشێتەوە بەكەمتر یان زیاتر یان بە پێچەوانەوە.
لە كاتی پەشیمان بوونەوەی كڕیار یان فرۆشیارو قبوڵكردنی پەشیمان بوونەوەكە دروستە نوسینگەكە كرێی دەڵاڵی وەربگرێت، مەگەر پەشیمان بوونەوەكە لە مەجلیسی مامەڵەكەدا بێ یان مەرجی پەشیمان بوونەوەیان لە نێوانیاندا دیاریكردبوو بە كەمتر لە سێ ڕۆژ پەشیمانیش بوونەوە لەو كاتەدا نابێت كرێی دەڵالی وەربگیرێت.

































































