دۆناڵد ترەمپ رووداوەكەی بە مەترسیدار ناوبردووە
زارى کرمانجى:
هێڵی ئاسمانیی ئەمەریكی رای گەیاند، فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر لە فڕۆكەخانەی رۆناڵد ریگانی نیشتمانی، لەگەڵ هەلیكۆپتەرێك پێكیان داداوە و باس لەوە دەكرێ كە قوربانییەكان زۆرن و تا ئێستەیش پیاوانی رزگاركەر بەدوای قوربانییەكاندا دەگەڕێن.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، هێڵی ئاسمانیی ئەمەریكی ئەوەشی راگەیاندووە كە لەناو فڕۆكەكەدا 60 سەرنشین هەبووە لەگەڵ چوار كەس لە تیمی فڕۆكەكە، هەلیكۆپتەرەكەیش سێ سەربازی ئەمەریكی تێدا بووە. لە كاتی فڕینی فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەكە رووداوەكە رووی داوە، تا ئێستەیش چارەنووسی هەردوو فڕۆكەوانی فڕۆكەكە و هەلیكۆپتەرەكە دیار نییە.
تۆڕی “سی ئێن ئێن” بڵاوی كردووەتەوە كە پیاوانی رزگاركەر تا ئێستە هیچ كەسێكیان بە زیندوویی رزگار نەكردووە. بەڵام میدیاكان باس لەوە دەكەن كە لە رووباری “بوتوماك”دا 18 تەرمیان هەڵگرتووە كە پێوەندیی بە پێكدادانەكەوە هەبووە.
لەوبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رووداوەكەی بە “مەترسیدار” ناو بردووە و خەمباریی خۆی بە رووداوەكە و گیان لەدەستدانی كەسەكان راگەیاندووە.
دوو بەرپرسی بەرگریی ئەمەریكی دووپاتیان كردووەتەوە، رووداوەكە شەوی رابردوو لە نێوان هەلیكۆپتەرێكی جۆری “بلاك هۆك ئیچ- 60” و فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر بوو كە پێكیان داداوە.
باس لەوەش دەكرێ، فڕۆكە نەفەرهەڵگرەكە لە گەشتێكدا بووە لە شاری ویچیتا بۆ ویلایەتی كانساس و تووشی ئەو رووداوە بووە كە 60 سەرنشینی هەڵگرتووە.
































































