زاری كرمانجی-سۆران
ڕۆژی چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، سیستەمێکی نوێ بۆ ساڵیانەی ئۆتۆمبیلەکان جێبەجێ دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەردەمییانە پارێزراوە.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد “ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیە بۆ ساڵیانەی ئۆتۆمبیلەکان، سەرەتا لە پارێزگای دهۆک، دواتر لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و پاشان لە ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ دەکرێت.”
ڕوونیشی کردەوە “لە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیە ئەوەیە کە “ساڵیانە”کە بەهیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت، چونکە ساڵیانە گرنگترە لە مۆڵەتی شۆفێری، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە خاوەندارێتییەوە هەیە، چونکە هاووڵاتی بە رەنجی چەند ساڵەی دەیکڕێت، بۆیە ئەگەر بەباشی ئەو ئۆتۆمبێلە نەپارێزرێت، ئەوە رەنگە خاوەنەکەی بەئاسانی فێڵی لێ بکرێت.”
زیاتر گوتی”ئەم سیستەمە نوێیە پەیوەستە بە وێنەگرتنی پەنجەمۆری دەست و چاوی خاوەنی ساڵیانەکە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لەهەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەکانەوە زانیاری بۆ بەدەستهێنانی ساڵیانەکە بڵاودەکەنەوە و هاووڵاتیان دەتوانن بەشێک لەهەنگاوەکانی وەرگرتنی ساڵیانەی ئۆتۆمبیل لە ماڵەوە تەواو بکەن، ئەمەش بەفیڕۆدانی کات کەم دەکاتەوە.”































































