مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
غوڵام ڕەزا ڕەزایی، پارێزەری دۆسیەی فەرید سادقی ڕایگەیاند “لە ڕێكەوتی 22ـى 1ـى 2025، دادگاییكردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی سادقی لە دادگای سنە بەڕێوەچوو دوو لە تاوانبارانی سەرەكیی دۆسیەكە لەلایەن دادگاوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا.”
فەرید سادقی تەمەن 14 ساڵی خەڵكی گوندی چەمەقلووی سەر بە شاری قوروەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە لەلایەن دوو كەسەوە دەستدرێژیی سێكسیی كرابووە سەری، لە ڕۆژی 13ـى 8ـى 2024 لەژێر كاریگەریی گوشاری دەروونیدا لە تاران كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و لەسەر ئەو ڕووداوەش شەش كەس لەلایەن پۆلیسی ناوچەكەوە دەستگیركران.
بە گوتەی پارێزەری دۆسیەكە، جگە لەو دوو كەسەی بە لەسێدارەدان سزادران، دوو تاوانباری دیكەش كە لە خوار تەمەنی یاساییدان، بە زیندانیكردن و سزای دارایی سزادراون .
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی دادگا، تاوانباران لە كاتی دەستدرێژیكردنەكە ڤیدیۆیان تۆمار كردووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیی ڤیدیۆكەیان لە فەرید كردووە و لەو ڕێگایەشەوە چەندین جاری دیكەش دەستدرێژییان كردووەتە سەری .































































