زاری كرمانجی – سۆران :
هاوكات لەگەڵ ڕاگرتنی هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا، نووسینگەی هەماهەنگیی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە ئەمساڵ ژمارەی منداڵانی بەدخۆراكی لە ئەفغانستان دەگاتە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ.
نووسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان (OCHA) دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند” لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سێ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی بەدخۆراكی توند بوونەتەوە”.
ئۆچا كە بانگەوازێكی كۆكردنەوەی پارەی بڵاو كردەوە، جەختی لەوە كردەوە ” پشتگیری مرۆیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینكردنی ماددە خۆراكییە پێویستەكان بۆ كۆرپە و دایكان”.
نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر، ڕۆزا ئۆتونبایڤا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو ” زیاتر لە ٥٠٠ هەزار منداڵ لە ئەفغانستان مەترسیی بەدخۆراكییان لەسەرە”.
دوێنێ سەرۆكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لە كەمبوونەوەی یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان و ڕاگرتنی هاوكارییەكانی ئەمریكا دەربڕی و گووتی” ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان ئەفغانی دەبێت و برسێتی لەم زستانەدا زیاتر دەكات”.
شیاو وی لی، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە” ڕێكخراوەكە تەنیا توانای هاوكاریكردنی نیوەی ئەو ئەفغانی یە پێویستانەی هەیە”، لە دۆخێكدا كە بە گوتەی ئەو، خەڵكێكی زۆر بە تەنیا بە (نان و چا) دەژین”.
لە لایەكی دیكەوە، تۆلۆ نیووز بە پشتبەستن بە وەزارەتی ئابووری تاڵیبان بڵاویكردەوە” دوای ڕاگەیاندنی ئەگەری ڕاگرتنی هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا، چالاكییەكانی ٥٠ ڕێكخراوی فریاگوزاری لە ئەفغانستان ڕاگیراون”.
عەبدوللەتیف نەزەری، بریكاری وەزیری ئابووری حكومەتی تاڵیبان، داوای لە وڵاتانی جیهان كرد، لەنێویاندا ئەمریكا، “یارمەتی مرۆیی بە سیاسی نەكەن”.































































