مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند سەرۆكی شارەوانیی سێرتی (دەم پارتی) لەسەر كارەكەی دوورخستووەتەوە و پارێزگاری شارەكەی وەك قەیووم داناوە.
دادگای پێنجەمی تاوانەكانی ئامەد، دوێنێ سێشەممە 28ـی 1ـی 2025، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی”، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیی بەسەر سۆفیا ئاڵاغاش، هاوسەرۆكی شارەوانیی سێرتی دەم پارتی سەپاند و وەزارەتی ناوخۆی توركیاش لە بڕیارێكدا ئاڵاغاشی لە كارەكەی دوورخستەوە و لە جێگەیدا كەمال كزڵكایا پارێزگاری سێرتی داناوە.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكانی 31ـی ئازاری 2024ـی توركیا، سۆفیا ئاڵاغاش ی ڕۆژنامەنووس لەسەر لیستی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە سێرت توانی سەدا 49 پۆینت 64ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆكی شارەوانی.
بە گشتی دەم پارتی لەم هەڵبژاردنەدا 78 شارەوانیی بەدەستهێنا، بەڵام حكومەتی توركیا بە تۆمەت و بیانووی جیاواز تا ئێستا 8 لە سەرۆكشارەوانییەكانی دەم پارتی لاداوە و لە جێگەیدا قەیوومی داناوە .































































