پشتیوان كەریم-سۆران:
سەرۆكی لیژی داماڵینی چەك لە ئیدارەی سۆران، باس لە هەفتەی جیهانی داماڵینی چەك دەكات، هەروەها باس لە رێكار و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەكات و دەڵێ، هەر كەسێك لەو ماوەیەدا چەكەكەی تۆمار نەكات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و كەسەكەش سزا دەدرێت، چونكە ئەو رووداوانەی كە روو دەدەن زۆربەیان بەهۆی چەكی بێ مۆڵەت بوونە.
لە دەستپێكی قسەكانیدا مقەدەم وشیار خالید، دەڵێت:” وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سۆران ئەركی ئێمە پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییانە، هەروەها جێبەجێكردنی یاسا و رێنمایەكانە كە لە 24ی ئەم مانگە هەفتەی داماڵینی چەك دەستی پێ كردووە و بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت، بۆیە فەرمان بە بازگەكان كراوە، بازگەی گەڕۆكیش دادەنرێت هەر شوێنێك گومانی چەكی لێ بگرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت .
دەشڵێت:” سەرۆكی حكوومەت زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات، پێشتریش تیمی گەڕۆكمان هەبووە لە ئێستاشدا كار لەسەر رێنمایی ژمارە شەشی ساڵی 2022 دەكەین، كە باس لە دوو بڕگە دەكات بڕگەی داماڵینی چەكی جەنگیی و تۆماركردنی چەكی ئاگرین، چەكی ئاگرین بە چەكی سووك دیاری كراوە، چەكی جەنگیش چەكی قورس و مامناوەندە.
سەرۆكی لیژی داماڵینی چەك، ئاشكراشیكرد:” لە ئیدارەی سۆران پێنج بنكەی تۆمار كراو هەن، فۆرمێك هەیە، پڕ دەكرێتەوە، پەنجەمۆری لێ وەردەگیرێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان چەكەكانیان تۆمار بكەن، چوار مەرجیش هەیە، نابێت بەهیچ شێوەیەك چەكەكە بفرۆشێت، هەروەها هەڵنەگرێت و بەكاری نەهێنێت، هەروەها نەبەخشێت، دوای تۆماركردنی دەبێ پابەندی ئەم مەرجانە بێت، ماوەكەش یەك ساڵی بۆ دیاری كراوە، هەر كەسێك لەو ماوەیەدا چەكەكەی تۆمار نەكات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و كەسەكەش سزا دەدرێت، چونكە ئەو رووداوانەی كە روو دەدەن زۆربەیان بەهۆی چەكی بێ مۆڵەت بوونە”.