مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پاسێكی عومرەكارانی كورد لە سنووری عەرعەری سعوودیە، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند لە ڕووداوەكەدا قوربانی هەیە .
نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە بارەی ڕووداوەكە ڕایدەگەیەنێت “پاسێكی عومرەكارانی كورد كە خەڵكی سنووری پارێزگای سلێمانین، لە عەرعەری وڵاتی سعوودیە و نزیك چێشتخانەی ئەبوو شوان لەگەڵ بارهەڵگرێك بە سەختی پێكیانداداوە،”
باس لەوەش دەكات كە لەم ڕووداوەدا ئافرەتێكی عومرەكاری كورد بە ناوی (گولیزار حەمە ئەمین) گیانی لەدەستداوە و 13 عومرەكاری دیكەش بریندار بوونە كە دوو لەوان بە هۆی سەختی برینەكانیان دۆخی تەندروستیان باش نییە.

































































