زارى کرمانجى:
لە شاری كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژنێك و دوو منداڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژران، كە ژنەكەی تەمەنی 35 ساڵە و منداڵەكانیشی 9 ساڵ و 16 ساڵانن، دوای ئەنجامدانی تاوانەكەش خۆی ڕادەستی پۆلیس نەكردووە و ڕایكردووە.
ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند: “ژنێکی گەنج بە ناوی سیما مورادی، دانیشتووی شاری کرماشان لەگەڵ دوو منداڵەکەی بە بەکارهێنانی چەکی گەرم بەدەستی هاوژینەکەیەوە کوژران.”
زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، “ئێوارەی ڕۆژی شەممە 25ی 1ی 2025، پیاوێك هاوژینەكەی خۆی بەناوی سیما مورادی، تەمەن 35 ساڵ و خەڵكی گوندی (چیاكەو)ی سەربە شاری شاباد لەگەڵ دوو منداڵەكەی بەناوی ماهووری تەمەن 9 ساڵ و زەینەبی تەمەن 16 ساڵ بە بەكارهێنانی چەك كوشتووە.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “بکوژ، هاوژین و دوو منداڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا لە کرماشان کوشتووە و هۆکاری کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەشی بە ناڕوونی ماوەتەوە.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕووداوەكە، “هاوژینی شەمسی مورادی دوای ئەنجامی ئەو تاوانە، هەڵاتووە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.”

































































