محەممەد مەحموود- رواندز:
ئەمڕۆ یەکشەممە کونسولی فەرەنسا سەردانی شاری رواندزی کردوو دوای دانیشتنی لە گەڵ قایمقامی ئەو شارە، گەڕانێکی مەیدانییان ئەنجامدا بۆ بەسەر کردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی شاری رواندز.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە قایمقامیەتی قەزای رواندز بە یاوەری بەڕێوبەری شوێنەواری سۆران و بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەواری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار پێشوازیمان لە (یان برێم Yann braem )كونسولی گشتی فەڕەنسا كرد.
سەرەتا باسمان لە مێژووی دەوڵەمەندی رواندز لە سێكتەرە جیاوازەكان بەتایبەتی سێكتەری شوێنەوارە مێژووییەكان كرد ، كە نیشانەنەی هەبوونی مێژوویەكی دوور و درێژی ژیانكردنە لە دەڤەرەكەمان ، هاوكاری و شارەزایی وڵاتی فەڕەنسا لەم ڕووەوە بە گرنگ زانرا “.
قایمقامی رواندز گوتیشی” راپۆرتێكی بایەخدان و گرنگی ناوچە شوێنەواریەكان لە لایەن بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران پێشكەش كرا ، كە هەموو ناوچە شوێنەوارە گرنگەكان لە چۆنیەتی نۆژنكردنەوە و پێشخستنیان دیاری كردبوو.
كونسولی گشتی فەرەنسا سەرسامی خۆیان بە جوانی رواندز و مێژووی دەوڵەمەندی ئەو شارە لە ڕووی ناوچە شوێنەوارییەكان نیشاندا، دواتر لە سەردانێكی مەیدانی چەندین ناوچەی شوێنەواریمان بەسەر كردنەوە.
































































