زاری كرمانجی – سۆران :
ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) لەسەر سەردانەكان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بابەتێكی نووسیوە و ئاماژە بە سەركەوتنی جووڵە دیپلۆماسی و پەیوەندییەكانی سەرۆكی حكومەت دەكات.
لە ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دراوە ” جموجۆڵی چڕ و پڕی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ئەنقەرەوە بۆ داڤۆس و لە ڕێگەدا سەردانی ئەبووزەبی و عەمانیشی كرد، نیشاندەری فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ناوچەكە و لە جیهاندا”.
زیاتر ڕوونكراوەتەوە ” ئەمە چالاكیی دیپلۆماسی و توانای سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی دەرخستووە لە گەیاندنی دەنگی خۆی بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی و ڕوونكردنەوەی كێشەكانی بۆ كاریگەرترین ئەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، بە تێپەڕاندنی ئەو فشارانەی كە لە ناوخۆدا لەلایەن هاوبەشەكانییەوە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە دەخرێنە سەری”.
لەبارەی بەشداری كردنی مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەكانی داڤۆس نووسیویەتی ” بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكانی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، دەرفەتێكی ڕەخساندووە بۆ خستنە ڕووی دیدگاكانی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و كێشە هەنووكەیییەكانی بۆ كۆمەڵێكی فراوان لە سەركردە و بەرپرسە بەرزەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەم شێوەیە، پێگەی هەرێمی كوردستانی وەك هاوبەشێكی سەرەكی بۆ ئەو دەوڵەت و دەزگایانەی، كە نوێنەرایەتییان دەكەن، پتەوتر كردووە”.
هەروەها لەبارەی هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەرگری كردن لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە داوە ” مەسرور بارزانی، توانی چ لە ڕێگەی دیدارەكانی لە داڤۆس لەگەڵ كەسایەتی و بەرپرسە نێودەوڵەتییە گەورەكان، یان لە ڕێگەی لێدوانە ڕاگەیاندنەكانی لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندەكەدا، تیشك بخاتە سەر ئەو كێشانە و لەو بارەیەوە بەرگری لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بكات”.
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، “مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە وردەكارییەكانی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئاگادار كردووەتەوە”.

































































