مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ڕاگەیاندراوێكدا ماوەی ڕادەستكردنەوەی چەك و تەقەمەنی لەلایەن پاشماوەكانی چەكدارانی حكومەتی ڕووخاوی بەشار ئەسەد بۆ 15 ڕۆژی دیكە درێژ كردەوە .
دوای كەوتن و كۆتایی هاتنی حكومەتی ئەسەد لە دیمەشق، هێزەكانی سووریای دیموكرات ناسراو بە هەسەدە دەستیان كرد بە كۆكردنەوەی چەك و تەقەمەنی دەستی پاشماوەكانی چەكدارانی ئەسەد و لەو چوارچێوەیەدا بەشێكیان ئەو چەك و موڵكانەی لایان بووە ڕادەستیان كردووە و بەشێكی زۆریشیان ماوە .
هەسەدە لە ڕاگەیاندراوێكدا كە لە پلاتفۆرمی “ئێكس” بڵاوكراوەتەوە و ڕایدەگەیەنێت”لەسەر داوای بەشێك لە پیاوماقووڵانی ناوچەكە و بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی ئاژاوە و شێواندنی ئارامی ناوچەكە، مۆڵەتی ڕادەستكردنەوەی چەك و تەقەمەنییەكان بۆ 10ی شوبات درێژ دەكەینەوە.”
هەسەدە دەشڵێت “دوای ئەو مۆڵەتە، لە ڕێگەی یاساوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەكدارانە دەكەین كە چەكەكانیان ڕادەست نەكردبێتەوە.”































































