مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا ئەمینی چەندین جار بە تۆمەتی”پڕوپاگەندەی دژ بە حكومەت” لە لایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ كراوە .
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایانەدا ئەمجەد ئەمینی تەمەن 54 ساڵ بەهۆی بڵاوكردنەوەی ستۆرییەكی ئینستاگرامی لەسەر سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بەندكراوی سیاسیی كورد، لە دادگای شۆڕشی شاری سەقز دۆسیەی بۆ كراوەتەوە و بانگهێشتی دادگا كراوە .
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، لە ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تاران بە بیانووی ڕەچاونەكردنی یاساكانی باڵاپۆشی، لەناو میترۆی حەقانی تاران دەستگیر كرا و سێ ڕۆژ دواتر بە شێوەیەكی گوماناوی لە نەخۆشخانەی كەسرای تاران گیانی لەدەستدا .
مردنی ژینا لە تەواوی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ناڕەزایی بە دوای خۆیدا هێنا و هاووڵاتییان ڕژانە سەر شەقامەكان و بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دژی كوشتنی ژینا دەنگی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرز كردەوە .
دوای ئەوە چەندین جار ئەندامانی بنەماڵەی ژینا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراون و دواتر ڕووبەڕووی لێكۆڵینەوە و ئەشكەنجە كراوانەتەوە .