زاری كرمانجی – سۆران :
سەرچاوە هەواڵییەكان بڵاویان كردەوە دوابەدوای مانگرتنی بەربڵاوی شارەكانی كوردستان و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، چەندین كەس بە تۆمەتی بەشداری لەو مانگرتنەدا لە شارەكانی سنە، سەقز و سەردەشت دەستبەسەر كراون.
بە گوێڕەی ڕاپۆرتێكی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان كە ڕۆژی پێنجشەممە،23ی مانگی یەك بڵاوی كردووەتەوە، شەش هاووڵاتی خەڵكی شاری سنە بە ناوەكانی محەممەد سەیفپەناهی، سیناڕەزایی، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دۆستی، ئومێد محەممەدی و محەممەد ئەتڵەسی بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتن لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون.
هاوكات لە هەواڵێكی دیكەدا ئەو ڕێكخراوەی مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاندووە سێ كەسی دیكە بە ناوەكانی میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی كە دوو برای خەڵكی سەقزن لەگەڵ كەسێكی دیكە بە ناوی ئاوارە شەخسی كە هاووڵاتییەكی خەڵكی شاری سەردەشتە، لە لایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە هەمان تۆمەتی بەشداریكردن لە مانگرتن دژی لەسێدارەدانی ژنانی كورد لەو دوو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونەتەوە.
خەڵكی شارەكانی كوردستان ڕۆژی چوارشەممە دوابەدوای بانگەوازی حزبە كوردییەكان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی لەسێدارەدانی وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەستیان دایە مانگرتن و بازاڕ و دووكانەكانیان داخست.
شەش حزبی سیاسی كوردستانی ئێران بانگەوازێكی هاوبەشیان بڵاو كردبوو و داوایان لە خەڵكی كوردستان كردبوو ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەك دەست بدەنە مانگرتنی گشتی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەركردن و پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی.
حزبە كوردییەكان لە بانگەوازەكەیاندا جەختیان لەوە كردەوە كە مانگرتنی گشتی چارەسەرێكی مەدەنییە بۆ ڕێگریكردن لە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگاركردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.
بە گوێڕەی هەواڵەكەی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا ئەمنییەكان لە شارە جیاجیاكان بۆ ڕێگریكردن لە مانگرتنەكە نوێنەری كەرتە جیاجیاكانی بازاڕ و بازرگانانیان بانگهێشت كردووە و هەڕەشەیان لێكردوون كە ئەگەر بەشداری مانگرتنەكە بكەن، شوێنی بازرگانییەكانیان دادەخرێت و دۆسیە یاسایان لە دژیان تۆمار دەكرێت.
بەپێی وێنە و گرتە ڤیدیۆكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە كاتی مانگرتن لە شارەكانی سەقز و دیواندەرە، هێزە ئەمنییەكان مۆری داخستنیان لەسەر دەرگای ئەو دووكان و بازاڕانە داوە كە بەهۆی مانگرتنەكەوە دەرگاكانیان داخراو بوون.