مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، یەكەم هۆتێلی بۆشایی ئاسمان لە جیهاندا لە ساڵی 2025 دەردەكەوێت كە لە شێوەی ئەڵقەیەكدا دەبێت و بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە بۆ دروستكردنی هێزی كێش كردن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، كەپسوولی گەشتیاری لە دەرەوەی بیناكە دادەنرێت، كە بریتی دەبێت لە ژوور، سینەما، باڕ، چێشتخانە، هۆڵی وەرزش و یارییە جۆراوجۆرەكانی دیكە. هەروەها بەشێك لە كەپسوولەكان كە لە شێوەی ڤێلای گەورەن، گەشتیاران دەتوانن بە شێوەی هەمیشەیی بۆ مانەوە بە كرێی بگرن كە هەر یەك لەو ڤێلایانە 16 كەس دەگرن و سێ گەرماو چێشتخانەیەكی گەورەشیان تێدایە.
جگە لە ئەگەری بەكارهێنانی ئەو وێستگەیە، حكومەتەكان بۆ جێگیركردنی یەكەی زانستی تایبەت بە خۆیان یان وەك ناوەندێكی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو كەشتیوانانەی كە خۆیان بۆ گەشتكردن بۆ مەریخ ئامادە دەكەن سوود لەو هۆتێلە وەربگرن.
ئەگەر پرۆژەكە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، ئەوا ئەو شوێنە گەورەترین شوێن دەبێت كە تا ئێستا خراوەتە بۆشایی ئاسمان. بەڵام تێچووی گەشەپێدان و بیناسازی ئاشكرا نەكراوە.
لەم چوارچێوەیەدا جۆن بلینكۆی دامەزرێنەری دامەزراوەی گەیت وەی ڕایگەیاندووە، خولانەوەی هۆتێلەكە “پێویستە”، چونكە مەحاڵە مرۆڤەكان لەسەر وێستگەیەكی بۆشایی ئاسمان بەبێ هێزی كێش كردن بۆ ماوەیەكی زۆر بمێننەوە.
یەكەمین هۆتێل لە بۆشایی ئاسماندا كە ڕووبەرەكەی 50 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و بڕیارە لە ساڵی 2027 دەرگای بە ڕووی گەشتیاران بكرێتەوە و شوێنی 440 كەس تێدا دەبێتەوە.