محەمەد جەواد زەریف: ئەگەر لە شەقامەکانی تاراندا بڕۆن، دەبینن هەندێک لە ژنان حیجاب لەبەر ناکەن
زارى کرمانجى:
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت” وڵاتەکەی جێبەجێکردنی یاسای جلوبەرگی توندی ئیسلامی دوادەخات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر ژنان”.
محەمەد جەواد زەریف جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، ”دوێنێ چوارشەممە لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیدا لە داڤۆس ڕایگەیاند” ئەگەر لە شەقامەکانی تاراندا بڕۆن، دەبینن هەندێک لە ژنان حیجاب لەبەر ناکەن و هەرچەندە ئەمە نایاساییە، بەڵام حکومەت بڕیاریداوە فشاریان لەسەر نەکات”.
هەروەها گوتیشی” بڕیارەکە بە ڕەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و کەسانی دیکە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران جێبەجێکراوە”.
جەواد زەریف دەشڵێت” ئێمە بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆین، دان بەوەدا دەنێت کە بەس نییە، بەڵام هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا”.
پێشتر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆشنایی خستە سەر پۆلیسی ئەخلاق و سروشتی کارەکانی کە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسا توندەکانی کۆمەڵایەتییەوە.
ژنان لە ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ناچار بوون لە بەردەم خەڵکدا حیجاب بپۆشن، بەڵام مەرگی مەهسا ئەمینی کچە گەنجی ئێرانی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی فراوانی لێکەوتەوە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢.