زارى کرمانجى:
پرۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی: سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێرو پسپۆڕی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ لە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: “کۆبوونەوەکەی کاک مەسعود و کاک مەزڵوم لەسەر دەتپێشخەری هەرلایەک بووبێت، گرنگ بوو و دەبوو زوتریش ئەنجامبدرایە”. هەروەها دەڵێت: ”بە خوێندنەوەی من کۆبونەوەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزلوم عەبدى ، بە هەڵکردنی گـڵـۆپی سەوزی ئەمەریکا و تورکیا ئەنجامدراوە، مەبەستی تورکیا بەم دیپلۆماسیەتە دەتوانێت پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دووربخاتەوە”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئێستا پرۆسەی ئاشتی هەیە لە تورکیا، تورکیا چاوی لە سامانە سروشتییەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، وە ئێمە دەبێت لەو وەهمە دەربچین وەها بزانین ئەمەریکا تورکیا دەکاتە قوربانی کۆمەڵە کوردێک لە ڕۆژئاوای کوردستان. باسکردن لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیا و ئەردۆغانەوە تەنیا بۆ ڕای گشتی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی.
جەختیش لەوەدەکاتەوە، ”باشترە کورد لە ڕۆژئاوا سوود لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بە تایبەت لە بابەتی نووسینەوەی دەستوردا، من دەبینم هەمان ئەزمونی ساڵی 1979 ی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان روویدا، ئێستا هەمان شت بۆ ڕۆژئاوا ڕوودەدات، ئێستا گروپێکی شۆڕشگێڕی ئیسلامی لە سوریا هاتوونەتە سەر حوکم کە زۆریش بەهێزن لە سوریا، کورد کەمینەیە لە سوریا نابێت داواکاریی خۆی بە شێوازێک بخاتەڕوو کە دژی ئەو بۆچوونەی ئێستا لە دیمەشق هەیە.”
ئەوەشى روونکردووەتەوە، ”من بینیم لە هەردوولای ئەنەکەسە و هەسەدە دەڵێن بە هیچ جۆرێک قبوڵمان نییە سیستمێکی ئیسلامی یان نزیک لە ئیسلامی، لە کاتێکدا دیموکراسیەت مافی کەمینە دەپارێزێت نەک دیکتاتۆریەتی کەمینە دروست بکات”.
لە کۆتایى قسەکانى دەڵێت: ”بۆیە دەبێت ئێمە واقیعی بین ئەو هەڵانەی برایانمان قاسملۆ و هاوڕێییانی کردیان لە ڕۆژئاوا دووبارەی نەکەنەوە، دەبێت داواکارییەکانیان مەعقول بن، بە بۆچوونی من فیدراڵی گونجاو نییە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان هەرێمێکی یەکگرتوو نییە، بۆیە خۆسەری بە شێوەی کرداری ئەویش بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردن نەک ئەو ناوچانەی عەرەبن، چونکە سبەی ئەو عەرەبانە، دەچنە پاڵ دیمەشق، بەڵام لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە دەبێت کورد یەکگرتوو بێت.”