زارى کرمانجى-سۆران:
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: ”سەردان و بەشداری لە کۆڕبەندێکی جیهانیی وەک داڤۆس گرنگە”.
هەروەها گوتیشى: ”لەم کۆڕبەندە گرنگانە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکان دروست دەکرێت لە بواری ئابووریدا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی کوردستان کۆمەڵێک سەرمایەداری لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ داڤۆس، ئەو سەرمایەدارانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لە گەشەکردنی ئابووری کوردستان، چونکە ئەو کۆڕبەندە ئابوورییە، زۆرینەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بەشدارییان تێدا کرووە، گرنگە پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکان دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە یارمەتی ئابووری کوردستان بدەن”.
فوئاد حوسێن ئاماژەى بەوەشکردووە: ”بەداخەوە دوێنێ و پێرێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە ماددەی 12 لە یاسای بوودجە نەدرا، هەر کاتێک دەنگ بەو بڕگەیە بدرێت، کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق”.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشى ئاشکرا کرد، ”هەفتەی ڕابردوو لە ماڵی ئەودا، وەزیری دارایی فیدراڵ و شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتیان باسکردووە، لەوانەش بابەتی داهاتی نانەوتی، لەبارەی ئەوەی چ ڕێژەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر چ بنەمایەکیش بێت، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: هیوادارین لە کۆبوونەوەی دووەم کە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی داهاتی نا نەوتی و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، بگەینە ڕێککەوتن”.
لەبارەی گەڕاندنەوەی زەویی بۆ خاوەنەکانیان، لە پارێزگاى کەرکوک فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گووتی: ”بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڕیارێکی گرنگ بوو کە دەبوو زووتر بدرێت، ئێستا عەدالەت هاتە دی دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵم”.
سەبارەت بە بارودۆخی نوێی ناوچەکەش، وەزیری دەرەوە گوتی: ”ئاسایشی سووریا پەیوەستە بە ئاسایشی عێراق، زۆر بە وردی چاودێری دەکەین”.