زارى کرمانجى:
دوای بڵاوكردنەوەی پەیامێكی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی پشتیوانیی لە مافی كورد و پێكهاتەكانی سووریا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) پشتیوانیی خۆی بۆ پەیامەكە ڕاگەیاندووە.
دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنەكەسە ڕایگەیاندووە: “ئێمە پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەین کە بە ڕوونی دیدگای سووریا وەک دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیی و فرەئایینی دەردەخات.”
دەشڵێت:”دووپاتی دەکەینەوە کە هەڵگرتنی ستەم و نادادپەروەری لەسەر گەلی کورد و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی، بەردی بناغەی بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی، فرەیی، سەقامگیر و ئاوەدان پێک دادەنێ.”
ڕاشیگەیاندووە: “ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان و دڵنیابوون لە بەشداریکردنی دادپەروەرانەیان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا، باشترین ڕێگایە بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدەستهێنانی سەقامگیری لە سووریا.”
ئەم كاردانەوەیە دوای ئەوە هات، كە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس پۆستێکی بە زمانی کوردی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتبوو: “کوردەكان لە سووریا لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە تووشی نادادپەروەری بوون، پێکەوە وڵاتێک بنیات دەنێین کە هەموان هەست دادپەروەری بكەن.”