زاری كرمانجی – سۆران :
مەكتەبی سیاسیی پارتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعسی هەڵوەشاوە بە “هەنگاوێكی گرنگ و پێویست” دەزانێت و داوا لە حكوومەتی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لە جێبەجێكردنی یاساكە ڕۆڵی خۆیان ببینن.
چوارشەممە، 22-01-2025، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لە بارەی دەنگدان و پەسەندكردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن پەرلەمانی عێراق و گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتكراوەكان بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان بڵاو كردەوە.
مەكتەبی سیاسیی پارتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعسی هەڵوەشاوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە “هەنگاوێكی گرنگ و پێویست” ناو بردووە و بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتی و فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكات.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: “هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی یەكترقبوڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوكردنی بنەماكانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت.”
مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش كردووە “چاوەڕوانیمان لە حكوومەتی فیدراڵ و دامودەزگا پەیوەندارەكان هەیە كە لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن.”
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی :
دەنگدان و پەسەندكردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتكراوەكان بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان هەنگاوێكی گرنگ و پێویست بوو.
بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین كە ڕۆڵی كوردستانیانە و نیشتمانیانەیان بینی، هەروەها دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانە دەكەین كە ڕۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و چارەسەركردنی غەدرێكی دەیانساڵە كە بەرامبەر كورد و توركمانی شاری كەركوك كراوە.
هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قوڵكردنەوەی گیانی یەكترقبوڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و پتەوكردنی بنەماكانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت و، چاوەڕوانیشمان لە حكومەتی فیدراڵ و دامودەزگا پەیوەندارەكان هەیە كە لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
چوارشەممە، 22-01-2025































































