ن.ئاڤان قاسم
جیهانی مرۆڤ پرییەتی لە ڕەنگی دروستكراو كە هەڵقولاوی ڕەنگە سروشتییەكانن، لەناو خودی مرۆڤ جیهانێك هەیە كە( پەروەردەی ئەقل و حەزەكان)ە كە خۆی بڕیاردەدات بكەوێتە دەست كامەیان، لەدەرەوەی مرۆڤیش جیهانێكی تر هەیە كە پەروەردەی ژینگەی دەورووبەری خۆیەتی و بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەكەوێت ژێركاریگەری ئەرێنی ونەرێنی ئەم ژینگەیە.
سەرەتای گەشی مرۆڤ لەناو خێزانەكەیدا كە دایك وباوك پەروەردەی لەئەستۆ دەگرن بەمەش كاریگەری دروست ونادروست لەسەری پەروەردە كردنی دەبێت، پاش تەمەنی پێگەیشتن و تێكەل بوونی بە ژینگەی دەورەی خێزانەكەی و ئاشنابوونی بە ڕەنگ و دەنگ و نەریتی جیاواز ئاوێتەبوونێك لەنێوان دوو پەروەردەی دروست دەبێت، كە لەكۆتاییدا خودێكی خاوەن ڕوخساریكی دەستكرد بەرهەم دێت.
لە سەردەمێكی وەك ئیستا كە بەشی هەرە زۆری مرۆڤ لە پەروەردەی دروستی خێزانی و كۆمەڵگەیەكی تەندروست درووكەوتۆتەوە، بەلكۆ ئەقلی بۆتە كۆیلەی حەز و نەفسی، تەكنەلۆژیای سەردەم و تێكەڵبوونی دەستوور و یاسای ئاینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیری و نەبوونی سیستەمێكی ڕێكخراوی یەككانگیر بۆ ئەوەی بابەتەكان بخاتە جێگای گونجاوی خۆی.
ئەمەش وایكردووە كە جیهانی تێگەیشتن و قوڵبوونەوەی تاك لەپرس و دیاردەكانی ناو كۆمەلگە و بەئاگابوونی لەراستی وناراستی بابەتەكان دووربكەوێتە ئەوەی لای گرینگ بێت تەنها بەڕێكردنی كاتەكانیەتی و بەدەست هێنانی ناوبانگێكی دەستكرد تاكە ئامانجی هەموو گەنجێكی ئەم سەردەمەیە، بۆیەش بە مەستبوونیان بەم ڕۆشنبیریە ناتەندروستە و پەكەوتووە وایكردوە وەك ڕۆبۆتێك بن، ئامانج خەونەكانیان كپكراون لەناو نەست و شعوریاندا.
خەونم هەیە، خەونم بینی…؟!
منداڵێك لە سەرەتای بوونیدا گشت هەنگاوەكانی خەونبینینە، خەونەكانیشی سنوری ناناسن، لەگەڵ خەون بینین گەورە دەبێت، فێرگەكان و سەردەمێكی پێشكەوتوو ڕێگا دەدات ئەومنداڵە بەدڵی خۆی تادەتووانی خەون ببینی تا نقومی خەیاڵەبێت خەونی منداڵی لە نەستەكانیدا دەمێنەوە بۆ كاتی گەورەبوونی هەڵیدەگریت، نازانی ژیانی دوای مندالی دۆخێكی تر چاوەریەتی، كاتێ ئاشنای ئەم جێهانە كەمتەرخەم و ئالۆزدەبێت لەوە تێدەگات كە گەشتین بە مافی ڕاستی خۆی تەنها خەیاڵێك و هیچیترنییە، لەم كۆمەڵگە سەقەتە خەون تەنها خەیاڵێكی بووچە و تێدەگات لێرە درۆ ڕاسترینە و ڕاستی خەلەفاو، تێدەگات لێرە جوانی سەروەر و بەهرە و دلسۆزی گەمژەو نەفامیە، لێرە…لێرە… .گشت جوانییەكان خنكاون.