مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێرراوی ئەمریكا لە مەراسیمی دەستبەكاربوونیدا جارێكی دیكە هەڕەشەی كۆنترۆڵكردنەوەی كەناڵی پەنەمای كرد و ڕایگەیاند “پێویستە بگەڕێنرێتەوە ژێر كۆنترۆڵی وڵاتەكەمان.”
لە وەڵامدا سەرۆكی پەنەما گووتی “كەناڵی پەنەما سەر بە پەنەمایە و لەژێر كۆنترۆڵی ئەودا دەمێنێتەوە و بە بێلایەنی و بۆ هەمیشە،”
دۆناڵد ترەمپ لە وتارەكەیدا بەرپرسانی پەنەمای بەوە تۆمەتبار كرد كە باجی زۆر بەسەر ئەو كەشتییانەدا دەسەپێنێت كە كەناڵەكە بەكار دەهێنن بۆ پەڕینەوە لە نێوان زەریای هێمن و زەریای ئەتڵەسیدا، لەبەرامبەردا كەمترین باج بەسەر كەشتییە چینەكاندا دەسەپێنێت، بۆیە پرسی كۆنترۆڵكردنەوەی كەناڵی پەنەمای خستە بەر باس و هەڕەشەی كۆنترۆڵكردنی ئەو كەناڵەی كرد و گووتی “ئەمریكا دزی لێ دەكرێت، پێویستە كەناڵەكە بە خێرایی بگەڕێنرێتەوە ژێر كۆنترۆڵی ئەمریكا.”
خۆسێ ڕائول مۆلینۆ، سەرۆكی پەنەما لە پلاتفۆرمی ‘ئێكس’ وەڵامی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند”سەرەوەری و سەربەخۆی پەنەما گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، هەر مەترێكی كەناڵی پەنەما و دەوروبەری هی ئێمەیە،”
جەختی لەوەش كردەوە “پەنەما كەناڵەكەی بەڕێوەبردووە، لەبەر هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە جیهان و كەرتی بازرگانی.”
كەناڵی پەنەما لەلایەن ئەمەریكاوە دروستكراوە و لە ساڵی 1914 بە فەرمی كراوەتەوە، جیمی كارتەر سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا لە ساڵی1977 ڕێككەوتنێكی كرد، كە لە ساڵی 1999 كۆنترۆڵی بەڕێوەبردنی كەناڵەكەی ڕادەستی پەنەما كرد.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، كەناڵی پەنەما ساڵانە ڕێگە بە تێپەڕبوونی 14 هەزار كەشتی دەدات و 2.5%ی بازرگانی دەریایی جیهانی پێك دەهێنێت .

































































