زاری كرمانجی – ڕۆژانە لە سنووری شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٧٠ تۆن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێنەوە و سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، کارگەیەکی پێشکەوتووی ڕیسایکلین لە سۆران دادەمەزرێت و بە شێوازێکی پێشکەوتوو زبڵ و خاشاک لەناو دەبرێت.
کاوە نەجیم، سەرۆکی شارەوانیی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیارە کارگەیەکی ڕیسایکلین لە شاری سۆران دابمەزرێت و لە ڕێگەی ئەو کارگەیەوە خۆڵ و خاشاکی سۆران و دەروربەری لەناو ببەین، چونکە ئێستا کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بە سیستەمێک لەناو دەبرێن پێویستی بە شێوازی زانستی ھەیە و لە ڕێگەی کارگەوە لەناوی ببەین، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکێکی زۆر دەڕەخسێنێت”.
سەرۆکی شارەوانیی سۆران دەڵێت: “زەوی بۆ دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین ئامادە کراوە و بەگوێرەی ستانداردی جیھانی دروست دەکرێت و بە شێوازێکی پێشکەوتوو کار دەکات، چونکە ڕۆژانە نزیکەی ١٧٠ تۆن زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە کۆ دەکرێتەوە”.
کاوە نەجیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “جگە لە سۆران لە دەوروبەریش زبڵ و خاشاک دەھێندرێتە ئەو کارگەیە، دەتوانین سوود لە ھەندێ ماددەش وەر بگرین وەک پلاستیک بۆ دووبارە بەکار ھێنانەوە، دروستکردنی ئەو کارگەیە کاریگەیری زۆر دەبێت بۆ سۆران، چونکە نابێتە ھۆکار بۆ سەر ژینگە و لەمەودوا ئەو مەترسیەی لەناوبردنی زبڵ و خاشاک نامێنێت لەسەر ژینگەی ناوچەکەمان”.