زارى کرمانجى-وەرتێ:
بەهۆى بەفربارین، ڕێگەى زینى وەرتێ داخراوە، کە هەر دوو ئیدارەى سۆران و ڕاپەڕین بە یەکەو دەبەستێتەوە، بەفربارینیش بەردەوامە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەرى ناحیەى وەرتێ لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” بەهۆى بەفربارین ڕێگەى زینى وەرتێ داخراوەو ئەگەر بە زنجیر نەبێت، هیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت هاتووچۆ بکات و بەفربارینیش بەردەوامە”.
هەروەها گووتیشى: ” تا ئێستە پێنج سانتیمەتر بەفر باریوە، ناتوانرێت لەو کاتەدا خاوێن بکرێتەوە، چونکە بەفربارین بەردەوامە، بۆیە پێویستە شوفێران ئەو ڕێگە بۆ هاتووچۆکردن بەکارنەهێنن”.
ڕێگەى زینى وەرتێ، ڕێگەیەکى ستراتیجى و گرینگە، هەردوو ئیدارەى سۆران و ڕاپەڕین بە یەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها هاتووچۆى نێوان پارێزگاى هەولێرو سلێمانى پێدا دەکرێت.































































