مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كەتیبەكانی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس ناوی ئەو سێ ژنە بارمتانەی ئیسرائیلی ئاشكرا كرد كە ئەمڕۆ یەكشەممە ئازاد دەكرێن.
بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایدەگەیەنێت “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 19ـى 1ـى 2025، ناو و وێنەی ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییەی لە لیستێكدا ڕادەستی نێوەندگیرەكان (ئەمەریكا، میسر و قەتەر) كردووە كە بڕیارە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی ڕێككەوتنی ئاگربەستدا ئازاد بكرێن.”
مای جۆنینی تەمەن 24 ساڵ و ئێمیلی داماری 28 ساڵ و دۆرۆن شتنبەر ی 31 ساڵان، ئەو سێ ژنە بارمتانەی ئیسرائیلن كە حەماس بڕیاری داوە ئازادیان بكات
ئەگەرچی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل ڕاگەیاند كە حەماس كێشەی بۆ ئاگربەست دروست كردووە و ئامادە نییە ناوی ئەو بارمتانەی ئاشكرا بكات كە بڕیارە ئازاد بكرێن، بەڵام دواتر ئەبوو عوبەیدە، گوتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی قەسام لە پلاتفۆرمی تێلێگرامدا ناو و وێنەی ئەو سێ بارمتانەی بڵاو كردەوە كە ئەمڕۆ ئازاد دەكرێن .































































