مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وا بڕیار بوو كاتژمێر نۆ و 30 خولەكی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاگربەستی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە ئازادكردنی بارمتەكان دەست پێ بكات، بەڵام حەماس تا ئێستا لیستی ناوی بارمتەكانی ڕادەست نەكردووە و لەبەرامبەردا ئیسرائیل جێبەجێنەكردنی ئاگربەستەكەی ڕاگەیاند .
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند “حەماس پابەند نەبووە بە ناردنی ناوی لیستی بارمتەكان، لەبەر ئەوەش ئاگربەست ناچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و بەردەوام دەبن لە هێرشەكانیان.”
هاوكات بزووتنەوەی حەماس هۆكاری نەناردنی ناوی بارمتەكانی بە تەكنیكی و مەیدانیی ناو برد و بە بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتە ڕوو .
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو لە پەیامێكی ڤیدیۆیی دا ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی پابەندی ڕێككەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززەیە، بە مەرجێك ئەگەر حەماس پێش ئازادكردنی بارمتەكان لیستی ناوەكانیان ڕادەست بكات .

































































