ئەڤین بارزانی
دوای لەناوچوونی ڕژێمی بەشار و لاوازبوونی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هیلالی شیعی کە بە ساڵان ئێران کاری بۆ دەکرد زەبرێکی گەورەی خواردووە و ئێستا ئێران بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکات کە نەهێڵێت پێگەی لە عێراق لاواز بێت. لە سەردانی دواییەی سودانی بۆ ئێرانیش دەرکەوت کە ئێران ئامادە نییە و نایەوێت دەست لە پشتیوانی حەشدی شەعبی هەڵبگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا گروپەکانی حەشدی شەعبی دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێدەنگ بوون و چالاکییەکانیان دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاگرتووە. ئەمەش نیشان دەدات حەشدی شەعبی ئەو هێزەی جاران نەماوە و ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە مەترسییەکی گەورە لەسەر پێگەی خۆیان دەکەن.
لە کاتێکی وادا یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کە چەند ساڵ بوو بە موشەک و درۆن هێرشی هەولێریان دەکرد لاواز بووە، ئەمەش دەرفەتێکی مێژووییە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت زۆر داواکاری خۆی لەسەر بەغدا فەرز بکات، بەڵام بۆ ئەمەش گرنگە پێش هەر شتێک هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن. بەداخەوە جارێکی تر هەندێک کەس و هێز لە هەرێمی کوردستان بوونەتە پارێزەری بەغدا و دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە هەموو شێوەیەک بەغدا کار بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ئەگەر کورد بتوانن ئەم دەرفەتە مێژووییەی ئێستا باش بەکاربهێنن، بەغدا ناچار دەبێت هەموو داواکارییەکانی کورد قبوڵ بکات.
خاڵی گرنگی تر لە ئەمریکا سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات و ترامپ بە هەموو شێوەیەک دژی ئێران کار دەکات. ئەو کەسانەی کە ترامپ بۆ پۆستە گرنگەکانی وەک وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری کاندید کردوون باسی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەکەن. بێگومان لاوازبوونی تاران واتە لاوازبوونی بەغدا و ئەمەش وا دەکات پێگەی کورد لە ئاستی عێراق و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر بەهێز بێت. کەواتە گرنگە کورد هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە پارچەکانی تریش خوێندنەوەیەکی دروست بۆ دۆخی ئێستا بکەن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێکیش ئامادە بکەن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنها مووچە و بودجە نییە، کێشەیەکی زۆر گەورەمان لەگەڵ بەغدا هەیە کە ئەویش ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە بە ساڵانە بەغدا نایەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. لەبەر ئەمەش ئەوانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوونەتە پارێزەری بەغدا دەبێت باسی ئەم ڕاستییە بکەن کە بۆچی هەتا ئێستا بەغدا ڕازی نییە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت.
ئەگەر ئەمجارە لە عێراق گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بوو، دەبێت کورد ڕازی نەبێت چیتر بەغدا تەنها باسی مووچە و بودجە بکات. دەبێت مەرجی سەرەکی کورد جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بێت، چونکە بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە پێگەی کورد لە عێراق زۆر بەهێز دەبێت. بەغدا و هێزە شیعەکان ئەم ڕاستییە باش دەزانن و هەتا ئێستاش ئەمەیان دژی کورد بەکارهێناوە، بەڵام کات هاتووە کورد دەست بە قۆناغێکی نوێ لەگەڵ بەغدا بکات.