مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی ئامارێكی ڕوانگەی سووری، لە ماوەی 36 ڕۆژی شەڕ لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق، 292 چەكداری نزیك لە توركیا كوژراون و 73 شەڕڤانی هێزەكانی سووریای دیموكراتیش گیانیان لەدەستداوە .
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند “لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەكانی بەنداوی تشرین لە 12ی كانوونی دووەمی 2024، لە نێوان چەكدارەكانی نزیك لە توركیا و هێزەكانی سووریای دیموكرات 420 كەس لە هەر دوو كوژراون،”
لە ئامارەكەی ڕوانگەی سووری هاتووە “زیاتر لە مانگێكە شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا لە دەوروبەری منبج و پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین بەردەوامە،” دەشڵێت ” بەو هۆیەوە 292 چەكداری گرووپەكانی توركیا كوژراون و 73 شەڕڤانی هەسەدەش گیانیان لەدەستداوە و 36 هاووڵاتی مەدەنیش لە ئەنجامی بۆردوومانەكان كە ژن و منداڵیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە.”
ڕوانگەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە توركیا بە بۆردوومانی ئاسمانی و زەمینی پشتیوانی گرووپە هاوكارەكانی دەكات و دەیەوێت دەستبەسەر ناوچەی ستراتیژی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاقدا بگرێت و بپەڕێتەوە بەری ڕۆژهەڵاتی فورات، بەڵام شەڕڤان و خەڵكی ناوچەكە نەیانهێشتووە توركیا و گرووپەكانی ئامانجەكانیان بەدەستبێن.

































































