زاری كرمانجی – سۆران :
وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند حكومەتی عێراق لەگەڵ سەركردەكانی گرووپە میلیشیاكان لە گفتوگۆدایە بۆ داماڵینیان لە چەك و تێكەڵكردنیان بە هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەم هەنگاوەی حكوومەتی عێراق لە دوای گۆڕانكارییە بەربڵاوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، لەوانە لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و حەماس كە دوو گرووپی گەورەن كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات و هەروەها وەك ڕووخاندنی حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا.
بەشێك لە كەسایەتییە دیارەكانی بەڕێوبەڕایەتی داهاتووی دانۆڵد ترامپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بەڵێنیان داوە كە گوشارەكان لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ كۆشكی سپی توندتر دەبنەوە.
بە سەرنجدان بە پەیوەندییە نزیكەكانی میلیشیا شیعەكانی عێراق لەگەڵ حكومەتی ئێران و گۆڕانكارییە بەربڵاوەكانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا، بەشێك لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لە سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتە.
بەڵام فوئاد حسێن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەكاتی گەشتەكەیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند باوەڕی بەوە نییە كە زریانی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ڕوو لە عێراق بكات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە كرد كە دوو سێ ساڵ لەمەوبەر باسكردنی چەكداماڵینی گروپە میلیشیاكان لەو وڵاتە “مەحاڵ” بوو، بەڵام لە ئێستادا بوونی گروپە چەكدارەكان لەدەرەوەی كۆنترۆڵی حكومەتی ئەو وڵاتە “قبووڵ ناكرێت”.
فەواد حسێن، بە ئاماژەدان بەوەی كە زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكان و گرووپەكان دەستیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەركردەكانی گرووپە میلیشیاكان كردووە لەسەر ئەم پرسە، هیوای خواست ئەو گرووپانە چەكەكانیان دابنێن و بچنە ناو هێزە چەكدارەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندییەوە.
ئەم لێدوانە وەڵامێكە لە بەغداوە بۆ قسەكانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی كە لە دیدارێكی لەگەڵ محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای بەهێزكردنی گرووپی میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی كرد.
خامنەیی بە سەرۆكوەزیرانی عێراقی گوتبوو “حەشدی شەعبی یەكێكە لەو پێكهاتە گرنگانەی دەسەڵات لە عێراقدا كە دەبێت لە هەموو كاتێك زیاتر بەهێزتر بكرێت”.































































