د. ئەڤین فەتاح حاجی مام
قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا یەکێکە لە قۆناغە هەستیارەکان، کە دۆخێکی تایبەتی دەروونی بۆ قوتابیان و کەسوکارەکانیان دێتەپێشەوە، هەر لە کاتی دەوام و هەوڵدان و کۆشش بۆ هێنانی نمرەی بەرز تا کاتی گەڕانەوەی نمرە و پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆ و پەیمانگەکان، لەم وتارەدا تیشکێک دەخەینە سەر رۆڵی دایباب لە هەڵبژاردنی کۆلێژ و پەیمانگە بۆ منداڵەکانیان.
ئەوەی تێبینیم کردووە لە ماوەی ڕابردوودا دایباب بە پێی پێویست ڕۆڵیان نەبینیوە لە هاوکاریکردنی منداڵەکانیان بۆ هەڵبژاردنی کۆلێژ و پەیمانگەکان و خواستی قوتابیان بە کەمی لەبەرچاوگیراوە..لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەکی بەرچاو لە قوتابیان دیدگایەکی ڕوونیان نیە بۆ داهاتوو و ناشزانن بۆ دەبێ لەم بەشەدا بخوێنن، تەنانەت قوتابی وا هەیە گەیشتوە بە قۆناغی کۆتایی زانکۆ و پەیمانگە نازانێ داهاتووی چییە. هۆکارەکەشی بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دایباب دەگەرێتەوە چونکە هاوکارێکی باش نەبوون بۆ منداڵەکانیان. دایبابی وا هەیە حەز دەکات منداڵەکەی لەو بەشە بخوێنێت کە خەونی خۆی بووە بەڵام بە هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان نەیتوانیوە ئەم خەونە بەدی بێنێ بۆیە دەیەوێ لە رێگای منداڵەکەی ئەم حەز و ئارەزووەی دابمرکێت. ئەگەر لێشی دەپرسی: بەڕێز ئەو منداڵەت باش نابێت بەو شێوە ئاراستەی بکەی»، یەکسەر وەڵام دەداتەوە: «ئەمە حەزی من ببوە بەخۆم دەزانم داهاتووی باشە»
بە شێوەیەکی گشتی تێگەشتنی دایباب بۆ کارو پیشە و پسپۆڕی منداڵەکانیان جیاوازە، بە مانایەکی تر هەموو هاوکارییەکانی دایباب بۆ ئەوەیە کە منداڵەکانیان چۆن بتوانن بە زووترین کات و بە کەمترین تێچوو ببنە خاوەنکار و هێزی کۆمەڵایەتی خۆیان، کەئەمەش لە چەند بەشێکی دیاریکراوی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدی دەکرێت، بۆیە لە ئەنجامدا خێزان دەبنە هۆکارێک بۆ تێکدانی باڵانسی بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە لایەک و لەلایەکیتریشەوە زۆربەی بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بە بێ قوتابی ماونەتەوە و زۆر بەشیش بە سەدان کەس داواکاریان بۆی پێشکەش کردوە، بۆیەش بە شێوەیەکی روون دەردەکەوێت کە خواستی قوتابیان بە شێوەیەکی گشتی فەرامۆش کراوە و حەز و خواست و ویستی دایباب زاڵە بەسەر دۆخەکەدا، لە ئەنجامدا داهاتووی منداڵەکە، داهاتوویەکی نادیارە.