مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ساڵێك بەر لە ئێستا و لە درەنگانێكی شەودا، چەند ناوچەیەكی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە چەند مووشەكێكی بالیستی كرایە ئامانج و دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.
كاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی مووشەكی بالیستی یەوە چەند ناوچەیەكی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان كرد و یەكێك لە ئامانجەكانی بۆردوومانەكەش ماڵی سەرمایەداری كورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆكی گرووپی فالكۆن بوو، كە لەم هێرشەدا خۆی و ژینە ی كچە تەمەن یەك ساڵانەكەی و میوانێكی و كارگوزارێكی ماڵەكە شەهید بوون و چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون.
بەئامانجگرتنی ناوچەی سڤیلنشینی هەولێر، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران، كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كات لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا هێرشەكەی بە “بێ پاساو و نامەردانە” ناو برد و ڕاگەیاند “ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە كردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین، بە شێوەیەكی ئاشتییانە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدەین، بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە كە زۆر زۆر بێ هۆكارن.”