مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی نوێنەری سەرۆك بارزانی بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەكەسە، گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان، پەرلەمانتارێكی (دەم پارتی) سەردانەكەی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بە گرنگ و پیرۆز ناو دەبات.
سینان چیفتیورەك، پەرلەمانتاری پارێزگای وانی باكووری كوردستانی پارتی یەكسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند “سەردانەكەی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەكەسە، هەنگاوێكی گرنگ و پیرۆزە.”
دوێنێ ئێوارە 13ـى 1ـى 2025، حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆك بارزانی گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستانی كرد و لە شاری حەسەكە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و لە شاری قامشلۆش لەگەڵ محەممەد ئیسماعیل، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) كۆ بووەوە.
دەربەندی لەم سەردانەی بۆ ڕۆژئاوا، پەیامێكی سەرۆك بارزانی لەبارەی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەم قۆناغەی ئێستا سووریا پێیدا تێپەڕ دەبێت، گەیاندە بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەكەسە.
دوای دیدارەكانیان لەگەڵ نوێنەری سەرۆك بارزانی، هەر یەكە لە هەسەدە و ئەنەكەسە لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆك بارزانییان بۆ مافی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و جەختیان لە یەكڕیزیی لایەنە كوردییەكان كردەوە .