زاری كرمانجی – پڕۆژەی ئاوی بارزان كە لە هەر سەعاتێكدا هەزار و 200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەكە دابین دەكات، دوای سێ ساڵ لە وەستان كەوتەوە كار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە، پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی بارزان دوای سێ ساڵ لە وەستان، كەوتەوە كار و دەبێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ دانیشتووانی سنوورەكە و سەرچاوەكەشی رووباری شینە لە ناوچەی باڵندا.
باس لەوەش كراوە، پڕۆژەكە ئاوی رووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە ئاستی پاكی و پێكهاتەكانی ناو ئاوەكە شیكردنەوەی بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی كە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بۆ خواردنەوە شیاو بێت. ئاوەكە پاشان لە رێی كۆگەكانی پڕۆژەكەوە بۆ گوندەكانی ناوچەكە دەگوازرێتەوە.
روون كراوەتەوە ئەم پڕۆژەیە، بۆ ناوچەكە گرنگییەكی تایبەتی هەیە، تەنیا دوو سێ گوند كانیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوانی تر دەبێت بچن لە ناو رووبار ئاو بهێنن یان ئاو بكڕن. پڕۆژەكە ئاوی تەواوی گوندەكانی سنوورەكە دابین دەكات.
پڕۆژەی ئاوی بارزان بە گوژمەی 138 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، لە پێنج كۆگەی سەرەكی و 51 كۆگەی لاوەكیی ئاو پێكهاتووە.
پڕۆژەكە لە رێی زیاتر لە 500 كیلۆمەتر، بۆڕیی بە قەبارە و شێوەی جیاواز ئاوەكە بۆ گوندەكانی ناوچەكە دەگوازرێتەوە، كێشەی كەمئاوی لە 51 گوندی ناوچەی بارزان بە تەواوەتی چارەسەر دەكات.