مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پەرلەمانتارێكی كۆریای باشوور بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی دەزگای سیخوڕی سیئۆل ڕایگەیاند، نزیكەی 300 سەربازی كۆریای باكوور لە كاتی شەڕكردن لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆكراینا كوژراون و 2700 سەربازیش برینداربوون.
بەرپرسانی سیئۆل پێشتریش لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرایان كردبوو كە كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ناردووە بۆ یارمەتیدانی مۆسكۆ لە شەڕی كیێڤ.
لی سیۆنگ كوان، پەرلەمانتاری كۆریای باشوور ئەمڕۆ دووشەممە 13ـى 1ـى 2025 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند “بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان، بڵاوەپێكردنی هێزەكانی كۆریای باكوور بۆ ڕووسیا فراوانتر بووە و ناوچەی كورسكیش دەگرێتەوە، خەمڵاندنەكان باس لەوە دەكەن كە زیانی گیانی لە نێوان هێزەكانی كۆریای باكووردا 300 كوژراو و 2700 بریندار بووە.”
لی دەشڵێت تەواوی سەربازە كۆرییەكان فەرمانیان پێكراوە پێش دەستگیركردنیان خۆیان بكوژن یان خۆیان بتەقێننەوە.
هاوكات دوێنێ یەكشەممە ڤلادیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراینا دەستگیركردنی چەند سەربازێكی كۆریای باكووری ڕایگەیاند و گووتی “كیێڤ ئامادەیە سەربازانی كۆریای باكوور ڕادەستی كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی وڵاتەكەی بكاتەوە، ئەگەر بتوانێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنیان لەگەڵ دەستگیركراوانی ئۆكراینی لە ڕووسیا ڕێك بخات.”