سكرتێری یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، ساڵی رابردوو دهیان چالاكییان ئهنجام داوه و بۆ ئهمساڵیش پهره به پڕۆژهكانیان دهدهن.
زیبا تهها، سكرتێری یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان، راگهیاند: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕێکخراوێکە بەردەوام لە خەباتە و ئەزموونی دەیان ساڵ کاری ڕێکخراوەیی و خزمەتکردن بە پرسی ئافرەت و پرسە نیشتمانییەکانی هەیە، هاوکات یەکێتیی ئافرەتان وەک دامەزراوەیەک پلان و بەرنامەکانی لەسەر بنەمای زانستییە و هەڵقوڵاوی خودی کێشە و پێویستییەکانی ئافرەتانی کوردستانە، هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە بەرنامە و چالاکییەکانمان هەمیشەیین و لەگەڵ گۆڕینی ساڵەکان بەردەوامییان هەیە، واتە بەشێک لە بەرنامە و کارەکانمان نەگۆڕن، تەنیا گۆڕانکاری لە میکانیزمەکانی کار دەکەین، هاوکات بەردەوامیش هەوڵ دەدەین لە لایەنی دیکە و لە ڕووی دیکەوە خزمەت بە ئافرەتانی کوردستان بکەین.
سكرتێری یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان دهشڵێت: ساڵی ٢٠٢٤ بۆ یەکێتیی ئافرەتان ساڵێکی جیاواز بوو، بەو پێیەی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ کۆنگرەمان ئەنجام دا و دەستپێکی ٢٠٢٤ سەرەتای دەستبەکاربوونی ستافی نوێ بوو، وەک زانراویشە کۆنگرە وەک وێستگەیەکە بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و پلان و بەرنامەی نوێ، هەر بۆیە لە ٢٠٢٤ بە خۆشحاڵییەوە توانیمان پەرە بە پڕۆژە و چالاکییەکانمان بدەین، توانیمان بە شێوەیەکی سەرانسەری هەیکەلی ڕێکخراوەییمان نوێ بکەینەوە، ستافێکی نوێ تەمەن گەنج و خاوەن بڕوانامە دەستبەکار بن، وێڕای درێژەدان بە چالاکی و پڕۆژەکان، توانیمان لە بواری دیکەشەوە چالاکی ئەنجام بدەین.
تهها گوتیشی: ساڵی ڕابردوو (٢٩٤) خولی پیشەییمان ئەنجام دا و (١١٨٤٠) ئافرەت لەو خولانە سوودمەند بوون و ڕاهێنراون بۆ فێربوونی کارێکی دەستی و بوون بە خاوەن پیشە، هاوکات دەیان پێشانگای نمایشکردنی بەرهەمی ئەندێشەی کارسازی ئافرەتانمان کردەوە، تا لەو ڕێگەیەوە بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان دروست بکەین، کارەکانیان بگەیەنین بە زۆرترین کەس، هەروەها پێشوازیکردن و لەخۆگرتنی (٩٥) کەیسی ئافرەتانی توندوتیژی لەدژکراو (٣٩٠) کەیسی خێزانە جیابووەوەکان، ئەنجامدانی سەدان خولی هۆشیاری لە بوارە جیاجیاکاندا، هاوکات چالاکی لە بواری ڕاگەیاندن و دەرکردنی ژمارە سفری گۆڤاری هێلین، کە گۆڤارێکی وەرزییە و بایەخ بە توێژینەوە لەسەر پرسەکانی ئافرەت و پرسە جڤاکی و کۆمەڵایەتییەکان دەدات، سەردان و بەسەرکردنەوەی ئافرەتان و پێشکەشکردنی یارمەتیی کۆمەڵایەتی بەو ئافرەتانەی کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە.
زیبا تهها ئاماژهی بۆ ئهوەش كرد: بۆ ساڵی ٢٠٢٥ وەک گوتم بەشێکی زۆر لە بەرنامە و چالاکی و پڕۆژەکانمان هەمیشەیین، بەردەوامیش هەوڵ دەدەین پەرە بە چالاکییەکان بدەین، دەستی خزمەت بگەیەنینە زۆرترین ئافرەتانی کوردستان، زۆرترین خولی پێشەیی و ڕۆشنبیری بکەینەوە، ڕاگەیاندنمان زیاتر پەرە پێ بدەین، لە بواری تەندروستی بە پڕۆژەی نوێ خزمەت بە ئافرەتان بکەین، هەوڵەکانمان بەردەوام بن، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی توندوتیژی و هاوکات پێشکەشکردنی ڕاوێژ و پشتیوانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی بە قوربانیان، داواکاری و فشارەکانمان زیاتر بکەین بۆ زیاتر فراوانکردنی بەشداریی سیاسیی ئافرەت و هاوکات بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی سیاسیی ئافرەت و پێگەیاندنی کادری سیاسیی ئافرەت، بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو بوارەکان پەرە بە پڕۆژە و بەرنامەکانمان دەدەین، وەک هەموو کاتیش پرسە نیشتمانییەکان بەشێکی سەرەکین لە بەرنامە و پڕۆژەکانمان.