زاری كرمانجی – سۆران :
لە دوای دیمەشق، بەیرووتیش بە جێهێشتنی قەیرانی دەوڵەت، كە حیزبوڵڵا لە ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ەوە لوبنانی داگیر كردبوو، ئاهەنگی دەستپێكی سەردەمێكی نوێی گێڕا و قۆناخێكی پەنجا ساڵەی ئیستغلالكردنی ناوچەیی لە لوبنانەوە كە بە دووەم بچووكترین وڵاتی عەرەبی لە ناوچەكە دادەنرێت، بە هەمان شێوە كۆتایی هات.
جۆزێف عەون دەڵێ “لەمەودوا لوبنان هەرگیز پشت بە دەسەڵاتی دەرەكی نابەستێت و هەموو هەوڵەكانی حكومەت لەسەر گەشەپێدانی ئابووری دەبێت، بۆ ئەوەی جگە لە باشترین بەرهەمی بازرگانی هیچی تر لەو وڵاتە هەناردە نەكرێت.
لوبنان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بووبووە جێگای ململانێی ناوچەیی، كە جەمال عەبدولناسر، سەددام حسێن، باوك و كوڕی ڕژێمی ئەسەد و كۆماری ئیسلامی خستبووە جووڵە. دوای وەستانی شەڕ لە بەرەی میسر و ئوردن و سووریا، لوبنان، بە پێچەوانەی ویستی گەلەكەی، تاكە بەرەی جەنگ بوو كە لە دژی ئیسرائیل مابووەوە.
دوای كۆتاییهاتنی نفوزی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دۆخەكە بەرەو هاوسەنگی دەگەڕێتەوە بە جۆرێك زەمینە بۆ جێبەجێكردنی داخوازییە نێودەوڵەتییەكان و دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەكان و مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ لوبنان دابین بكرێت . بێگومان ململانێ ناوخۆیییەكانی لوبنان بەم زووانە كۆتایی نایەت، بەڵام تا ئەو كاتەی چەك لە گرژییە ناوخۆیییەكان بەكار نەهێنرێت، وڵاتانی ناوچەكە خەمی ئەمەیان نابێت و هەموو شتێك بۆ بڕیارەكانی سیستەمی سیاسی ئاڵۆزی لوبنان جێ دەهێڵرێت.
ڕۆژنامەنووسی لوبنانی عەبدولڕەحمان الرشید لە ڕاپۆرتێكی دا دەڵێت “دوای دەرچوونێكی سەركەوتووانە لە قەیرانی كۆمار، پێشبینی دەكەین لوبنان شایەتحاڵی گۆڕانكاریی ئەرێنی بێت، بەتایبەتی كە جۆزێف عەون بە هەوڵێكی زۆر ناوخۆیی و دەرەكی گەیشتە پۆستی سەرۆك كۆماری لوبنان و زلهێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكانیش ڕۆڵێكی كاریگەریان بینی ئەم ڕوانگەیە. ئەمریكییەكان هەڕەشەیان كردبوو كە هەر جۆرە پاڵپشتییەكی ئابووری بۆ لوبنان ڕادەگرن و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیلیش بە كەڵك وەرگرتن لە ڕێككەوتنی ئاگربەست و بۆشایی دەسەڵات لە لوبنان، لە فڕین بەسەر ئەم وڵاتەدا ڕاناگرن. جگە لەوەش لە كاتێكدا كە دانوستانەكان بەردەوام بوون، جانتای باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی لە لوبنان، لە فڕۆكەخانەی بەیرووت، پشكنینیان بۆ كرا و دەست بەسەر ناوەڕۆكی قەدەغەكراوەكەیدا گیرا و فەزیحەكانی ئاشكرا كران. لەسەر سنووری وشكانی لوبنان و سووریا، هێزە ئەمنییەكانی لوبنان ئەفسەرێكی داواكراوی سووریان ڕادەستی حكومەتی نوێی دیمەشق كرد. لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان، هیچ كەسێك ناتوانێت نوێنەران ناچار بكات پرۆژە یاسایەك بە پێچەوانەی خواستی خۆیان ڕەت بكەنەوە یان پەسەندی بكەن، وەك لە ڕابردوودا كە ئەنجوومەنەكە لە ژێر فشار و هەڕەشەی حیزبوڵڵا و ڕژێمی ئەسەد بوو.”