زارى کرمانجى-سۆران:
بەرپرسێكی باڵای سەرژمێری ئاشکرای دەکات، پارەی مووچە و شایستەی دارایی کارمەندانی سەرژمێری گەیشتە هەرێمی کوردستان .
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “مووچە و شایسته داراییەکانی کارمەندانی کۆمسیۆن و بژمێرەکان بۆ ڕۆژانی سەرژمێری گەیشتە هەرێمی کوردستان، بەڵام پارەکە بەش بەش لە بانک وەردەگیرێت.”
ئاماژەی بەوەشکردووە: “پارەکە لە بانک وەردەگیرێت و رادەستی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان دەکرێت، بۆ ئەوەی بەسەریاندا دابەشی بکەن.”
ئاشکراشی کرد: “لە هەفتەی رابردووەوە دەست کراوە بە دابەشکردنی پارەو بەردەوام دەبێت تا دوا کارمەندو بژمێر وەری دەگرێت و مافی هەمووان پارێزراوە.”
ئەوەشی خستۆوەتەڕوو: “بەگشتی 27 هەزار کارمەندی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان مووچەو شایستەی داراییان هەیە.”
سەبارەت بە وردەکاریی شایستەکانیان، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان گووتی: “مووچەی مانگانە و شایستەی خۆراک و شایستەی خولی ڕاهێنان و شایستەی هاندانیان بۆ خەرج دەکرێت، مووچەکەش جێگیرە و 250 هەزار دیناری مانگانەیە.” بەگشتی لە تەواوی عێراق 150 هەزار کارمەندی سەرژمێری شایستەی داراییان هەیە، کە 27 هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.































































