زاری كرمانجی-بارزان:
شێخ ئەحمەد بارزانی ڕابەرێكی مەزن و شۆڕشگێڕ تژی لە خوداناسی، نیشتمانپەروەری، دادپەروەری، پاراستنی پێكەوەژیان و وەستانەوە لە دژی زوڵم و زۆرداری، ناو و ناوبانگێك كە هەمیشە لە مێژووی كورددا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
خودانێ بارزان (شێخ ئەحمەد بارزانی) لە ساڵی 1896 لە دەڤەری بارزان لەدایك بووە. هێشتا تەمەنی 7 ساڵان بوو كە باوكی، شێخ محەممەد، كۆچی دوایی كردووە، برا گەورەكەی، شەهید شێخ عەبدلسەلام بارزانی جێگیرەوەی باوكی بوو و درێژەی بە خەباتی مرۆڤایەتی و ئایینی و شۆڕشگێڕی دا .
دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 شێخ عەبدلسەلام بارزانی لە لایەن عوسمانیەكانەوە شەهید كرا، شێخ ئەحمەد بارزانی كە برای بچووكی شێخ عەبدولسەلام بوو، درێژەی بە خەبات و بەردەوامیدان بە رێبازی بارزان دا، ئەوكات تەمەنی شێخ ئەحمەد بارزانی 18 ساڵ بوو.
شێخ ئەحمەد بارزانی كە ئەوكات لە تەمەنێكی كەمی ژیاندا بوو، گەشەی بە ڕێبازی بارزان دا، لە ساڵی 1919 پشتیوانی لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید كرد و هەروەها نامەی بۆ شێخ و سەرۆك هۆزەكانی بادینان نارد و هانی دان هاوكاری شێخ مەحموود بكەن و خۆیشی ژمارەیەك پێشمەرگەی بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر برای نارد، هەروەها سەردەمی پێشەوایەتیی (خۆدانێ بارزان) سەردەمێكی پڕشنگدار بوو لە مێژووی گەلی كوردستان لە شێوازی بەڕێوەبردن دادپەروەری، یەكسانی، لێبوردەیی، ملكەچ نەكردن بۆ داگیركەران و دووژمنان، تەسلیم نەبوون، ئیرادەی پۆڵاین، ڕاستی و دروستی، ڕەوشتبەرزی، ئایین و پێكەوەژیان و ژینگەپارێزی، هەموو ئەمانە لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانی كران بە یاسا و رێسا.
لە ساڵی 1931 بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ حكوومەتی ئەوسای عێراقدا، شەڕوپێكدادان لەنێوان هێزی بارزانییەكان و سوپای عێراقدا ڕوودەدات و نزیكەی ساڵێك دەخایەنێت، كە بە شۆڕشی یەكەمی بارزان ناسێندرا و شێخ ئەحمەد رابەرایەتیی ئەم شۆڕشەی كرد.
لە كانوونی دووەمی ساڵی 1969 باری تەندروستیی شێخ ئەحمەد بارزانی تێكدەچێت و نەخۆش دەكەوێت، لە 9ی ئەم مانگە، بە هێلیكۆپتەر دەگەیەنرێتە بەغدا بۆ چارەسەركردن، بەڵام سەر لە بەیانی 11ی مانگ كە دەكاتە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغدا كۆچی دوایی كرد.