شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
گیرانی لووت یان نەمانی توانای هەناسەدان بە لووت، بێزاركەرە و هەندێك جار كار دەكاتە سەر ژیانی رۆژانە، زۆربەی خەڵك پێیان وایە گیرانی لووت هۆكارەكەی كەڵەكەبوونی چڵمە لە لووتدا، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی هەوكردنی خوێنبەرەكانی ناو لووتەوەیە، هەڵامەت، ئەنلفوەنزا، سەرمابوون و توشبوونی میكرۆبی ناوپۆشی لووت، هەموو ئەوانە لەوانەیە ببنە هۆی هەوكردنی ئەو خوێنبەرانە.
ڕێگاكانی كەمكردنەوەی هەوكردنی خوێنبەرەكان چین ؟
ئامێری شێ: رێگایەكی خێرا و ئاسانە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری ناوپۆش و گیرانی لووت، ئەم ئامێرە ئاو دەگۆڕێت بۆ شێ كە بە هێواشی هەوا داگیر دەكات، هەروەها شێی ژوورەكە زیاد دەكات، هەناسەدان لەم هەوا شێدارەدا دەتوانێت كزانەوەی شانەكان و هەڵئاوسانی خوێنبەرەكان كەم بكاتەوە لە ناوپۆشی لووتدا، هەندێك كەس پێیان وایە هەوای گەرمی شێدار بە هەمان شێوە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی گیرانی لووت، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی زانستی ئەمەی پشتڕاست نەكردووتەوە.
گەرماوكردن: هەڵمی ناو گەرماو دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ شلكردنەوەی چڵمی لووت و كەمكردنەوەی هەوكردن، ئەنجامدانی گەرماوێكی گەرم یارمەتیدەرە بۆ ئاسایی كردنەوەی هەناسەدان ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، دەتوانیت هەمان كاریگەر هەبێت بە هەڵمژیمی هەڵمی ئاوی گەرم، بەم شێوەیە:
ئاوێكی گەرمی كوڵاو ئامادە بكە، كە زانیت رێژەی گەرمییەكەی گونجاوە، خاولییەك بهێنە و بیدە بە سەرتدا، پاشان سەرت بخە سەر هەڵمی ئاوەكە، بوەستە تا هەڵمەكە لەژێر خاولییەكەدا كۆدەبێتەوە و هەناسەی قووڵ هەڵمژە، ئاگاداربە رووخسارت لەناو هەڵمەكە یان ئاوە گەرمەكەدا نەسووتێت.
بە شێداری بمێنەرەوە: هەر كات هەستت كرد سەرمات بووە یان تووشی هەڵامەت بوویت، بڕێكی باش لە شلەمەنی بخووە، راگرتنی هاوسەنگی ئاستی شێداری لەش دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ شلكردنەوەی چڵمی لووت لە رێڕەوەكانی لووتدا، هەروەها پاڵ دەنێت بە شلەی ناو لووتەوە بۆ دەرەوەی لووت و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پەستان لەسەر ناوپۆشی لووت، واتە كەمی هەوكردن و كزانەوە، هەروەها ئەگەر هەست بە قوڕگ ئێشە دەكەیت، خواردنەوە گەرمەكان ناڕەحەتی قوڕگیش كەم دەكاتەوە.
پرژێنەری گیراوەی خۆراكدەر (مغەزی): زیاتر لووتت شێدار بكەرەوە بە پرژێنەری گیراوەی خۆراكدەر بە ئینگلیزی saline spray، بەكارهێنانی دەتوانێت شێداری كونی لووت زیاد بكات، هەندێك پرژێنەری لووت پێكهاتەی لووت بەردەر تێدایە، پێش ئەوەی دەست بكەیت بە بەكارهێنانی لووت بەردەر راوێژ بە پزیشك بكە.
پەستێنەری گەرم بەكاربهێنە: پەستانی گەرم دەكرێت یارمەتیدەر بێت لە كەمكردنەوەی هەندێك نیشانەی گیرانی لووت بە كردنەوەی رێڕەوەكانی ناوەوەی بۆ دەرەوەی لووتەوە،
دەتوانیت بەم شێوەیە ئەنجامی بدەیت:
خاولییەك لە ئاوی گەرمدا نوقم بكە، دواتر لە ئاوەكە دەربهێنە و بیگوشە و بیخە سەر لووتت تا بە تەواوی هەست بە گەرمییەكەی دەكەیت، ئەم گەرمییە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی هەر ئازارێكی لووت و هەوكردنی ناوپۆشی لووت، تاكوو پێویست بێت و بتوانیت جارجار دووبارەی بكەوە بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە باش بوون بكەیت.
دەرمان وەربگرە، لووتی گیراو دەبێتە هۆی نائاسوودەییت، هەندێك جۆری دەرمان هەیە كە پێویستیان بە رەچەتەی پزیشكی نییە دەكرێت یارمەتیدەربن لە پاككردنەوەی رێڕەوی لووت و باشتری بكەن، دڵنیابە لەوەی كە پزیشكێكی دەرمانی شارەزا یارمەتیدەرت بێت لە هەڵبژاردنی دەرمانی لووت بەردەر، دژەهەستەوەری یان هەستیاری، ئەگەر دوای سێ رۆژ لە بەكارهێنانی دەرمان لووتت باش نەبوو یان تات هەبوو ئەوا سەردانی پزیشك بكە.
س/ سایتی زانیاری