شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
ماوەیەکى زۆره ئامێری تیشکی ڕەنینی موگناتیسی لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری سۆران لە کار کەوتبوو، خەڵکێکی زۆر گلەییان لەوە دەکرد بەهۆی تێکچوونی ئەم ئامێرە دەبێت سەردانی هەولێر بکەن، بەڵام لە ئێستادا ئامێرەکە چاک کرایەوە و لە خزمەت هاووڵاتییاندایە.
ئازاد ساڵح، بەرپرسی بەشی کارگێڕی لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند” دوای ئەوەی ئامێری تیشکی MRI بە فەرمانی د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، چاک کرایەوە و دووبارە کەوتە کار، هەروەها بەڵێنیشی داوە کە کێشەی ئەم ئامێرە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانیش چارەسەر بکات و دووبارە بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
ئەوەشی خستە ڕوو” ئەم بەشە قەرەبالغیەکی زۆری لەسەرە، هاووڵاتییان لە ئیدارەی سۆران و تەنانەت دەرەوەش سەردانی ئەم بەشە دەکەن، سەرەڕای ئەو هەموو قەرەباڵغیە خەڵک گلەی ئەوە دەکەن بۆچی نۆرەیان دوا دەکەوێت بۆ ماوەی یەک یان دوو مانگ، ئەمەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە چونکە ڕۆژانە تەنیا دەتوانین 15 بۆ 20 نەخۆش لەم بەشەدا بەڕێ بکەین، تەنیا ئەو هاووڵاتییانە بێ نۆرەن کە حاڵەتی فریاگوزارییان هەیە، هیچ نەخۆشێکیش بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ ناتوانێت MRI بگرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەوانیش لەگەڵمان هاوکار بن بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی کە زەروورن سوودمەند بن لێی.