سیروان گەردی
هەموو وا بیر دەکەینەوە، PKK ئەوەندە هێزێکی کاریگەرە هەژموونی تەواوی بە سەر باکوری کوردستان هەیە، بگرە وایدەبینین HDP لقێکی PKK یە.
بەڵام ڕاستی لەمەدا نیە، چونکە سیاسەتی پەکەکە و هەدەپە دوو ڕاستی جیاوازن، چۆن :
هەدەپە، هێزێکی سیاسی کوردی پەرلەمانی مەدەنیە، ئامانجی کاری سیاسییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا.
پەکەکە، هێزێکی چەکداری بیر تەسکی دژە نەتەوەییە، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ئەجێندای نێودەوڵەتی کار دەکات، بۆتە بەڵا بە سەر ” کورد ” ەوە.
گەورەترین نەیاری ” هەدەپە ” لە پرۆسەی سیاسی لە باکوری کوردستان ” پەکەکە “یە، چونکە وەک ئەژدیها بە سەرییەوە وەستاوە ڕێگای نادات سیاسەت بکات، هەر کاتێکیش کەساییەتیەک لە باکوری کوردستان بیهەوێ ببێتە بە سەرکردە و خۆشەویستی هەمووان و ڕاستەوخۆ دەکەوێتە زیندان، چونکە نابێت کەس لە ” ئۆجەلان ” کاریگەر تر بێت.
تۆ سەیر بکە لەیلا زانا، ساڵی ١٩٩١ لە مەڕاسمی سوێند خواردنی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد. لەو مەراسیمە کە لەیلا زانا ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لە نێوچاوان و پرچی بەستبوو، بوو بە سیمبوولێکی کورد.
پاش ئەم مەڕاسیمە، پەرلەمانتارانی کورد لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلە بە ١٥ساڵ زیندانیکردن سزادران، دوو پەرلەمانتارەکەی تر زوبێر ئایدار و یەشار کایاش ڕایانکرد.
کەچی پاش ئەو هەموو تێکوشانە سیاسییەی لەیلا زانا خۆڕیان ئاوا کرد، بۆ؟ چونکە زانیان ئۆجەلان تێدەپەڕێنێ و لەیلا زانا دەبێت کاریگەر ترین.
پاشان سەلاحەدین دمیرتاش وەک گەنجێکی سیاسی و بە شەپۆڵێکی نوێیەوە کاریگەری دروست دەکات دەبێت سەکردەی زیاتر لە ٦٠ کورسی پەرلەمانی تورکیا، کەچی بە دەست تێوەردانی پەکەکە و چاو سوور کردنەوە لایێیان بەشداری حکومەت ناکەن، بۆیە هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە رێژەی زۆری کورسی لە دەست دەدەن.
لە گەڵ دەرکەوتن و هێز و کارامەی دمیرتاش، ئیتر توانی ئۆجەلان تێپەرێنێت، بۆیە بە هەر بیانوێک بێت ئەویشیان خستە زیندانی تورکیا، لاتان سەیر نەبێت کە زۆربەی ئەوانەی دەکەونە زیندان لە تورکیا، دەستی پەکەکەی تێداییە.
پەکەکە نایەوێ هەدەپە ببێتە هێزێک وەک بە دیلی پەکەکە مامەڵەی لە گەڵ بکرێت، ویستی پەکەکە مانەوەی هەدەپەیە وەک لقێک نەک هێزێکی کاریگەر لە تورکیا.
بۆیە بۆ پارچەکانی تریش هەر وایە، پژاک لە ئیران و پەیەدە لە رۆژئاوا و تەڤگەر و یەکێتیی لە باشور وەک لقێکی پەپەکە سەیر دەکرێن، گەر ورد بینەوە لە ئاستی جەماوەرییش تەڤگەر و یەکێتیی پەکەکە بە حیزبی خۆیان و ئۆجەلان بە سەرۆکیان دەزانن.
گەر پەکەکە لە هەدەپە گەڕێت، دەتوانێ ڕۆلێکی باش ببینێت و پێشکەوتنی سیاسی زیاتر دروست بکات بۆ دۆزی کورد لە باکور.