زاری كرمانجی –
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.9.1، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دیکەی ئامادهبوو لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست، بۆ پێشوازیکردنی لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دوای ئەوەی بەوردی باس لە هەموو ئامادەکارییەکانی کرا بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێران لە داخڵبوون و دەرچونیان لە هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری زیارەتکارانی ئێران لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە کە بۆیەکەمین جارە بەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەست بەگەشتەکەیان بکەن بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، پارێزگاری هەولێر، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ وێستگانی پێشوازیکردن و مانەوەیان هەر لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تاکو دواخاڵی سنووری پارێزگاکەمان، تەواوی خزمەتگوزارییە پێویستیەکان و تیمی تەندروستی و فریاگوزاریی و سەلامەتی هاتن و چوونیان فەرهەم بکرێت.