مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەفربارینی زۆر و كەشوهەوای سارد، كاریگەری لەسەر ١٣ ویلایەتی ئەمریكا دروست كردووە و لانیكەم ٣ كەس بەهۆی ڕووداوەكانی پەیوەست بە بارودۆخی نالەباری كەشوهەوا، گیانیان لەدەستداوە و 31 ی دیكەش بریندار بوون و لە 7 ویلایەتیش باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە و داوا لە هاووڵاتییان كراوە، ئەگەر بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەكانیان نەهێنە دەرەوە.
سەرما و بەفربارینی توند، كە لە كۆتایی هەفتەدا لە ویلایەتی میسوری و كانساس دەستیپێكرد و دواتر ویلایەتەكانی كێنتاكی، وێرجینیا و واشنتۆن دی سی و چەند ویلایەتێكی دیكەی گرتەوە.
بەفربارین لە هەندێك ناوچەی واشنتۆن دی سی پایتەختی وڵاتەكە لە ٤٠ سانتیمەتر نزیك بووەتەوە، قوتابخانە حكومییەكان و فەرمانگە فیدراڵییەكان داخراون.
موریێل بۆوسەر، سەرۆكی شارەوانی واشنتۆن دی سی ڕایگەیاند “ئەولەویەتەكانی سەرەكی پاككردنەوەی شارەكە لە بەفر و كردنەوەی شارەكە لە زووترین كاتدا كاری لە پێشینەمانە،” هەروەها بۆوسەر داوای لە هاووڵاتییانیش كردووە لە ماڵەكانیان دەرنەچن ئەگەر پێویست نەبێت.
لای خۆشییەوە، جێرمی ئێدواردز گوتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە كە سەرۆك جۆ بایدن و تیمەكەی لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سەرما و زستان دەكەن، كە كاریگەری لەسەر زۆربەی ئەمریكا هەیە لە ڕێگەی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ویلایەت و ناوخۆیی.
هەروەها ماڵپەڕی پاوەرئاوتیج بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەو زریانە سەختە و كەوتنە خوارەوەی دارەكان و زیانگەیاندن بە هێڵەكانی كارەبا لە نزیكەی ٣٥٠ هەزار ماڵدا كارەبا پچڕاوە.
لە كاتێكدا ڕێگا سەرەكییەكان لە زۆرێك لە ویلایەتەكاندا بەهۆی بەفر و سەهۆڵەوە داخراون، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە لە كۆتایی هەفتەوە سەدان ڕووداوی ئۆتۆمبێل ڕوویان داوە و سەدان كەس لەسەر ڕێگاكە لە ڤێرجینیا، ئیندیانا، كانساس و كێنتاكیی گیریان خواردووە.































































