مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئامارەكانی ڕێكخراوی گەشتیاری جیهانی دەریدەخەن كە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ساڵی ڕابردوو سەردانی ئێرانیان كردووە بەراورد بە پێش پەتای كۆرۆنا بە ڕێژەی 38٪ كەمیكردووە .
ڕۆژنامەی جەیهانی سنعەت لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات كە هاتنی گەشتیاران بۆ ئێران 38% كەمیكردووە و دەشڵێت “ئەم دابەزینە بە هۆی قەیرانە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی وەك خۆپیشاندانەكانی ژن، ژیان، ئازادی و گرژییە ئەتۆمییەكان و كێشەكانی ژێرخانی وەك پچڕانی كارەبا ڕوویداوە.”
بە گوتەی خاوەنێكی هاوینەهەواری ئیكۆتۆریزم لە یەزد كە قسەی بۆ ڕۆژنامەكە كردووە دەڵێ “شوێنەكەیان زۆر جار بەتاڵە و كەمبوونەوەی گەشتیاران كێشەی ئابووریی جددی بۆ چالاكوانانی ئەو بوارە دروست كردووە.” ئەوەش دەڵێ “دابەزینی فرۆشی پیشەسازی دەستی و گۆڕینی فرۆشگاكان بۆ دووكانی ئاسایی نیشانەكانی دیكەی ئەم پاشەكشەیە.”
هۆكارێكی دیكەی كەمی ڕوو تێكردنی گەشتیاران بۆ ئێران، هۆشداری 16 وڵاتی ئەورووپی و ئەمریكی و ئاسیایی بوو كە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا ئامۆژگاریی هاووڵاتییانیان كردووە كە گەشت بۆ ئێران نەكەن یان ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.































































