مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی :
هەندێ لە شۆفێران گلەیی لە نەبوونی هێماكانی هاتوچۆ دەكەن و بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران یش دەڵێ ” هەر شوێنێك پێویستی بە هێماكانی هاتوچوو هەبێت، بۆی دابین دەكەین”
لەمبارەیەوە عەقید زرار حوسێن، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” هەر شوێنك لە سنووری ئیدارەی سۆران پێویستی بە هێڵكاری گاترێڵ تابلۆ هەبێت، لەڕێی بەشی ئەندازەی خۆمان دەرخستەی بۆ ئامادە دەكەین و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، پاش تەواوبوونی كۆی گشتی ڕێگە و بانەكان دووبارە دەرخستەیەكیی تایبەتیان بۆ دەكەین،”
لەبارەی نیگەرانی شۆفێرانی ناحیەی سیدەكان لە كەمی هێمای هاتووچۆ لە ناوچەكە، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی سۆران دەڵێ:” وەك بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، بەرپرسیارین لە دانانی هێما بۆ هەموو شوێنێك چونكە دەبێت هێمای ڕێنیشاندەری هەبێت، ئەو دەرخستەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ كردوومانە هەنگاو بە هەنگاو جێ بە جێیان دەكرێت و لە ئێستادا لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و بەشێكی قەزای چۆمان دەست كراوە بە دانانی تابلۆ و هێڵكاری پێویست بۆ شەقامەكان و بۆ سنووری ناحیەی سیدەكان یش بە پێی پێویست هێما و ڕێنمایی هاتووچۆمان داناون و لەوانە هەندێك هێڵكاری سەرشەقام و ڕێگای سەری بەردی ماوە، دەرخستەمان كردووە و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە و چاوەڕوانی وەڵامین بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو رێگاش بكەین.”