مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ناوخۆ دەستگیركردنی خوێندكارێكی راگەیاند كە پاسەوانێكی كۆلێژەكە و دوو خوێندكاری بریندار كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5ـی 1ـی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی خوێندكارێكی كۆلێژی ئیسرا لە بەغدای ڕاگەیاند كە بە هۆی تەقە كردنەوە پاسەوانێكی كۆلێژەكە و دوو خوێندكاری بریندار كردووە .
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) راگەیاندووە “هێزێك لە فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا – رەسافە توانیویانە خوێندكارێكی كۆلێژی ئیسرا لە بەغدا دەستگیر بكەن.”
میری ئاماژەی بەوەشكردووە “ئۆپڕاسیۆنی دەستگیركردنی ئەم خوێندكارە، لەئەنجامی تەقەكردن لە یەكێك لە پاسەوانانی كۆلێژ و دوو خوێندكار بووە، بەهۆی شەڕێك كە لەنێوانیاندا ڕوویداوە،”
دەشڵێت “پۆلیس دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوە بۆ زانینی بارودۆخی ڕووداوەكە و گرتنە بەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست.”
بەپێی قسەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، باری تەندروستی بریندارەكان جێگیرە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

































































