زاری كرمانجی-سۆران
دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا قۆناغی یەكەمی قیڕتاو كردنی رێگای سەرەكی گەڕەكی (نەهری-سەروچاوە) لە ناحیەی دیانا ئەنجامدرا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو پڕۆژەی قیڕتاو كردنەكە دەست پێبكاتەوە.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: ” لە درێژەی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستكرا بە چاككردن و قێڕتاو كردنی رێگای سەرەكی گەڕەكی (نەهری-سەروچاوە) لە ناحیەی دیانا، لە قۆناغی یەكەمدا ڕێگای گەڕەكی سەرووچاوە قیڕتاو كرا، بەڵام بەهۆی خراپی كەش و هەوا چەند ڕۆژێكە پڕۆژەی قیڕتاو كردنەوەكە ڕاگیراوە”.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشكراشی كرد: ” بڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا دەست بكرێتەوە بە پڕۆژەی قیڕتاو كردنی گەڕەكی نەهری تا خوار نەخۆشخانەی زۆزك و ئەم شوێنانەی ئامادەكار بوون بۆ قیڕتاو كردن لە سەنتەری ناحیەی دیانا.































































