مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا، ئەمڕۆ شەممە 4ی 1ی 2025، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە 2500 چەكداری داعش لە عێراق و سووریا ماون و چالاكی ئەنجام دەدەن .
شارەزایەكی سەربازی و ئەمنیی عێراق یش هۆشداری دەدات لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و ڕایدەگەیەنێت “دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، كارەساتی گەورە لە سووریا و عێراق دەخولقێنێت،”
سەرمەد ئەلبەیاتی، شارەزای سەربازی و ئەمنیی عێراق لە بارەی جموجۆڵی داعش لە عێراق و سووریا ڕایگەیاند كە داعش وەكوو جاران توانای ئەوەی نەماوە دەست بەسەر لادێ و ناوچەكاندا بگرێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی شانە نووستووەكانیان، كە لە ناوچە بیابانەكاندا چالاكن، دەتوانن زیان بەهێزە ئەمنییەكان بگەیەنن.”
ئەلبەیاتی كەمپەكانی سووریا كە بە هەزاران چەكداری داعش و خێزانەكانیان تێدا نیشتەجێ كراون و لە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دان، بە بۆمبێكی تەوقیتكراو ناو دەبات و دەڵێت “دۆخی كەمپەكانی سووریا مەترسیدارە، هەسەدە بە هۆی شەڕەوە ناتوانێت بەتەواوی كۆنترۆڵیان بكات، هەر بۆشایییەكی ئەمنی ڕوو بدات كارەسات لە سووریا و عێراق دەخولقێنێت،”
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی ناوچەكە، داعش بە سوود وەرگرتن لە گۆڕانكارییەكانی سووریا و شەڕی نێوان هەسەدە و توركیا، هەوڵی خۆ ڕێكخستنەوە و بنیاتنانەوەی هەیكەلی ڕێكخراوەكە دەدات لە ڕێگەی بانگهێشتكردنەوەی ئەندامانی شانە نووستووەكانیان و دامەزراندنی چەكداری نوێ .































































