مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
لە ئاهەنگێكی بووك گواستنەوە لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێك لە كەسوكاری قوربانییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و شۆڕشی ژینا ئەمینی، جلوبەرگی پێشمەرگە دەپۆشن و بەم هۆیەشەوە لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە 58 كەس لەوانە بانگكراون و دۆسیەییان بۆ كراوەتەوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە “58 هاووڵاتیی كورد كە خەڵكی شارەكانی مەهاباد، بۆكان و پیرانشار و ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختكردوانی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی)ن بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە بەشدارییان لە زەماوەندێك كردبوو لە شاری پیرانشار و دوای كۆتایی هاتنی زەماوەندەكە و بڵاوبوونەوەی وێنەی یادگاری بەشداربووان، بۆ یەكێك لە لقەكانی لێپرسینەوەی دادگای شۆڕشی شاری پیرانشار بانگكراون،”
بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بانگكردنی ئەم هاووڵاتییانە دوای بڵاوبوونەوەی وێنە گەلێك بووە بە جلوبەرگی كوردی پێشمەرگە و جامانە، لە زەماوەندێك.
سوپای پاسداران سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەكارهێنانی (جامانە) ی هێمای حیزبە كوردستانییەكانی دژبەری حكومەتی لە ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز قەدەخە كردبوو.
هاوكات موجتەبا مەحموودی دادوەری پیرانشار لەبارەی بانگكردنی ئەو 58 كەسەوە ڕاگەیاند” بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حكومەت (هەڵپەڕكێ و هێما سازی) لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگ كردووە.”































































